بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی "سلێمان سالک"

18:08 - 19 پووشپەڕ 2722

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سلێمان سالک" تەمەن ٦٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، کە ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەری هەتا ئێستا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "سەرەڕای هەوڵەکانی بنەماڵەی سلێمان سالک بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لە پەیوەندی لەگەڵ شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە، خۆیان دەبوێرن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ناڕوونیی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە نیگەرانیی لای بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە".

ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.