بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری شنۆ

15:18 - 29 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی \"عوسمان حەسەنی\" و \"حەسەن مووسەوی\"، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

\"\"عوسمان حەسەنی
سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم بارەوە بە هەواڵنێری کوردپا لە شنۆ ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کراون.

\"\"حەسەن مووسەوی
لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"عەلی ئیسماعیلی\"، خەڵکی گوندی \"جاشێران\"، سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە، کە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.