بەردەوامیی تراژیدیای قەتڵ / کوژرانی ژن و پیاوێک لەورمێ‌

16:12 - 28 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لەئەنجامی شەڕ و کێشەی بنەماڵەیی‌دا، لەلایەن یەکێک لەنزیکەکانیانەوە کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر پیاوێکی دانیشتووی ئاوایی \"حه‌له‌ج\"‌ی سەربەر شاری ورمێ‌، ژن و پیاوێک ( برا و هاوسەری پێشووی خۆی) کوشتووە.

دەگوترێت؛ هاوسەری بکووژەکە حەفتەیەک لەمەوبەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لێی جیا بۆتەوە و لەگەڵ برای مێردەکەی ژیانی پێکهێنابوو.

لەوبارەیەوە هەواڵنێری کوردپا رایگەیاند، پێکهێنانەوەی ژیانی دووبارەی ئەو ژنە تووڕەیی هاوسەری پێشووی لێکەوتۆتەوە و لە ئەنجامدا ئەو پیاوە \" برا و ژنە پێشووەکەی خۆی\" لە نزیک ئاوایی \"حه‌له‌ج\" دەکووژێت.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە شوناسی بکووژ و کوژراوەکان بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ لەمەوبەریش پیاوێک لەشاری سەقز، کە دەگوترێت موعتاد بووە، ئاگری لە ژنەکەی بەرداوە.

بەوتەی کەسانی ئاگادار، ئەو پیاوە بە مەبەستی دابین کردنی مادەسڕکەرەکان داوای پارەی لە ژنەکەی کردووە و دوای ئەوەی جوابی رەتی بیستووە، دەستی داوەتە ئەو کارە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا، چەندین شێوەی\"توندوتیژی هەوسار بچڕاو و بێ‌سنوور\"‌ی وەکوو توندوتیژی لە سەرشەقام و کۆڵان و ناو بازار و شوێنە گشتییەکان سەری هەڵداوە و بە وتەی کارناسان ئەو شێوە لە توندوتیژییانە رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ \"ئاسایی بوونەوەی توندوتیژی\".

هەروەها هەژاری ئابووری، نوبوونی نۆرمی کۆمەڵایەتیی لە هۆکارەکانی دیکەی توندوتیژی و جەنایەت لە کۆمەڵگەدا بە ئەژمار دێن.

مەجید محەممەدی، کۆمەڵناس لەو باوەڕەدایە، \"لاوازی و بۆشاییی یاسایی و فەسادی بەرین لەکاتی سەرکۆتی ناڕازییان لەلایەن لێپرسراوانەوە، دۆخی کۆمەڵگەی ئیرانی وەکوو \" شەڕی هەموو خەڵک لە یەکتر\" لێکردووە و لەوەها دۆخێکدا سنووری نێوان تاوان و غەیری تاوان نامێنێ‌و تاکەکان ئامادەن لەپێناو بەرەوپێشچوون و بەرژەوەندی خۆیان دەست بۆ هەموو کارێک ببن و یەکێک لەو رێکارانەش رووخاندن و تێکدانی رەوتی ئاسایی کۆمەڵگەیە\".