بەردەوامیی تراژدی کوژرانی کۆڵبەران

13:15 - 12 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی نەوسوود، سەر بە شاری پاوە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری نەوسوودیان دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەوسوود شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"عەزیم ئەحمەدی\"، تەمەن ٤٢ ساڵ کوڕی نوورەدین، خەڵکی گوندی \"تەشار\" سەر بە شاری نەسوودی ڕاگەیاندووە.

\"\"عەزیم ئەحمەدی
ئەو کۆڵبەرە کوردە لە شوێنێک بە ناوی \"سوورە هەراڵە\" کرایە ئەمانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنووری شاری نەوسوود کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەکرەم خەلیلی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی \"کووران\"، لە ناوچەی سۆمای برادۆست، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری سۆمای برادۆست، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.