بەردەوامیی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان

15:30 - 10 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هاتنی وەرزی گەرما و وشکبوونی پووش و گیاجاڕ و پاوەنەکانی کوردستان، ڕۆژانە شایەتی ڕوودانی یەک یان چەند ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پووش و پاوەنەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەبین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی جۆزەردان، بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی گوندەکانی \"وەسنێ\" و \"گوێزە کوێرە\"ی شاری مەریوان لە ئاگردا سووتان.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ئاگرکەوتنەوانەدا کە لە نێوان ئەو دوو گوندەدا ڕوویداوە، هیچ لایەنێکی حکوومەتی بۆ کۆنتڕۆڵ و کوژاندنەوەی هەوڵیان نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوو ڕۆژ پێش، ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆدزەردان، بەشێک لە دارستانەکانی شاری پاوە ئاگریان تێبەردرا.

پێشترش، دارستان و لەوەڕگەکانی گوندەکانی \"بۆڕیەر و ڕەزاو\" لە ئاگردا سووتان و بوونە خۆڵەمێش.

ئاگرکەوتنەوە گەورترین دوژمنی لە نێوچوونی دارستانەکان بووە و خەسارەتێکی قەرەبوو نەکراویان لێ دەدات، کە لە پلەی یەکەمدا زیان گەیاندن بە کۆمەڵگای دارستانەکانە و زیان بە بن و بنچەی زەوی دەگەیەنێ و ماوەیەکی زۆری دەوێ کە ئەو زەوییە سووتاوە وەکوو خۆی لێبێتەوە.