بەربوونەوە لە کاتی کۆڵبەریدا، گیان لە دەسدانی کۆڵبەرێکی لێ‌کەوتەوە

16:36 - 18 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەسدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"یوونس ئیبراهیمی\" خەڵکی گوندی \"زێوەی\" شاری سەردەشت بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەسدا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە بەرزاییەکانی شاری سەردەشت بەربووەتەوە و گیانی لە دەسداوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە بەرزایی بەربووەنەوە.

لەو پەیوەندییەدا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"سەلاح ئەسفەندوەند\" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری پیرانشار گیانی لە دەسدا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە بێ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەم کاسبکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللە و ناوبراو بە هۆی سەختی پێکرانییەوە گیانی لە دەسداوە.