بەدواداچوونی کرێکارانی ناڕازی، بووە هۆی دەرکرانیان

15:46 - 26 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ٢٠٠ کرێکاری شارەوانیی سەردەشت بۆ ماوەی ٤ مانگە لەهەر چەشنە حەقدەستێک بێبەش کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی شارەوانیی سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەو ئیدارە دەوڵەتییە لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە حەقدەستی کرێکاران دابەش ناکات.
جۆری دەستبەکار بوونی ئەو کرێکارانە بە بەڵێندەری، گرێبەستی و فەرمی ڕاگەیەندراوە.

\"کارگرانهەروەها ئەو ٢٠٠ کرێکارە کە لە بەشەکانی فەزای سەوز، هاتوچۆ و خزمەتگوزاریی شارەوانی کار دەکەن، نەورۆزانەی ٩٥یشیان وەرنەگرتووە و حەقی بیمەی چەندین مانگ کارکردنیشیان پێ نەدراوە.

کرێکارانی ناڕازی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی بە هەواڵدەریی کاری ئێران، باسیان لەوە کردووە کە سێ کەس لە هاوکارەکانیان بەهۆکاری بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی هاوپیشەکانیان، لەسەر کار دەرکراون و هەوڵی ئەو سێ کەسە بۆ نوێ‏کردنەوەی گرێبەستەکانیان تاکوو ئێستا بێ‏ئاکام بووە.

سەرەتای سەرماوەزی ڕابردوو ئەو کرێکارانە لەبەردەم شارەوانیی سەردەشت دەستیان دابوویە مانگرتن و لەهەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها لە ٢ ساڵی ڕابردوودا، شوورای شاری سەردەشت گومانی خستووەتە سەر کاروکردەوەکانی شارەوانی و شارەدار، کە ئاڵوگوڕی بە فەرمانبەر و کرێکارانی شیرکەتی و فەرمی لەو ناوەندە دەوڵەتییە کردووە.

لەم دوو حەوتوویەدا، زیاتر لە ٣٧٠ کرێکاری کورد لە شیرکەتی خواردنەوەکانی \"ئیستەک\" (Istak)ی سنە و كارخانەی قەندی زەكەریا لە شارۆچکەی پیشەیی سەقز دەرکران.

لینكی پەیوەندیدار:
داخرانی ئیستەکی کوردستان بێکاریی ١٣٣ کرێکاری خۆجێیی لێ‌کەوتەوە