بەتاڵان بردنی مەڕ وماڵاتی هاووڵاتییانی ناوچەی دیواندەرە

21:00 - 1 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رێژەیەکی بەرچاو لە مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی هەوەتووی دیواندەرە لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە بەتاڵان بران.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ، ١٤ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەک بەناوی \"سەعید مورادی\" خەڵکی گوندی \"کەڵەکان\"ی سەربە ناوچەی هەوەتووی شاری دیواندەرە لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە بەتاڵان برا.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: حەفتەی رابردووش چەند کەسێکی نەناسراو رێژەیەکی بەرچاو لە مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی گوندی \"وزمان\"ی سەربە ناوچەی هەوەتوویان بە تالان برد.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە چەندین جار سکاڵایان لای ناوەند پەیوەندیدارەکان تۆمار کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بەدواداچوونی بۆ ئەم مەسەلەیە ئەنجام نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە هەزار سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبیانووی ئاودیو کردنی ئەو مەڕ و ماڵاتانە بۆ هەرێمی کوردستان، دەستیان بەسەردا گیراوە.