بێکاری هۆکاری سەرەکیی فرۆشی گورچیلە لە شاری جوانڕۆیە

15:44 - 9 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بێکاریی لە رادە بەدەر لە شاری جوانڕۆ دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە لەو شارە رووی لە زیاد بوون کردووە.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ١ مانگی رابردوو دا بە دەیان کەس لە شاری جوانڕۆ لەبەر کەم داهاتی و بێکاریی لە رادە بەدەر روویان لە فرۆشتنی و گورچیلەکانیان کردووە.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، لەو ماوەیە دا بە دەیان کەس بە بڵاو کردنەوەی نووسراوە و ژمارە تەلەفۆن لە شوێنە گشتییەکان خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەکانیانی خۆیان بوون.

ماوەیەک پێش ئێستا \"حوسێن بیگلری\" بەرپرسی ئەنجومەنی داکۆکی لە نەخۆشانی گورچیلە\" ی پارێزگای کرماشان رایگەیاندبوو، فرۆشتنی گورچیلە لەو پاریزگایە لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی ئێران زیاترە و زۆربەی ئەو کەسانەی خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەکانیانن، تەمەنیان لە نیوان ٢٠ هەتا ٣٠ ساڵ دایە.

ماوەیەک پێش ئێستا \"مستەفا قاسمی\"، بەرپرسی ئەنجومەنی خێرخوازیی پشتیوانی لە نەخۆشانی گورچیلە لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی تاران رایگەیاندبوو، لە ئێران بە شێوەی نێونجی لە بەرامبەر هەر یەك كەس كە خوازیاری پێوەندی گورچیلەیە، چوار كەس خوازیاری فرۆشی گورچیلەكانیانن.

ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەو دیاردەیە وەك قەیرانی پڕ مەترسیی كۆمەڵایەتی وەسف دەكەن كە هۆكاری سەرەكییەكەی دەگەڕێننەوە بۆ بێكاری، گرانی و خەسارە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە.