بێکاریی سەرجەم کرێکارانی \"فوولاد نەوەرد\"ی ئەیوانی غەرب

13:48 - 25 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لەناوەندە پیشییەکانی کوردستان لەشاری ئەیوانی غەرب بە هۆکارێکی نادیار داخرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکییەکانی کارگەی فوولادی ئەیوان لە ئوستانی ئیلام لە دەسپێکی ساڵی تازەوە راوەستاوە و ٤٥ کرێکاری ئەو ناوەندە پیشەییە بێکار بوون.

بەڕێوەبەرانی کارگەی فوولاد، هۆکاری ئەو داخرانەیان بۆ تەعمیر و نوێژەنکردنەوەی ئەو شوێنە بۆ ماوەی سێ مانگ گەڕاندۆتە، بەڵام کرێکاران ئەوە رەت دەکەنەوە و بە سەرچاوە ناوچەییەکانیان وتووە، نوێژەنکردنەوەی کوورەی ئەو کارگەیە ئەو پەڕەکەی بیست رۆژ هەتا مانگێک دەخایەنێ.

ئەو کارگەیە بەرهەمهێنەری میلگردی ئاسن بووە و بە یەکێکیش لە گەورەترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی میلگرد لەکوردستان دەهاتە ئەژمار.

نەدانی بیمەی بێکاری و ناڕوونی چارەنووسی ٤٥ کرێکاری کارگەی فوولادی ئەیوان لە حاڵێکدایە کە گەورەترین کێشەی هاووڵاتیانی کورد بە تایبەت لاوەکانی ئیلام بێکارییە.

شاری ئەیوان لە دووری ٣٥ کیلۆمیتری باکووری ئیلام هەڵکەوتووە و هەروەها ئوستانی ئیلام بە یەکێک لە ناوچەکانی گەشە نەسەندووی ئێران دێتە ئەژمار.