بێڕێزی کردن بە زمان و فەرهەنگی کورد ناڕەزایەتی هونەرمەندێکی کوردی لێکەوتەوە

21:13 - 28 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هونەری دووبلاژ یەکێک لە هونەرەکانی دنیای وەرگێڕان لە سینما و تەلەفزیونەکاندا بۆ ئاشنا بوون بە فەرهەنگ و کولتوور و لێكحاڵی بوون لە فەرهەنگی نەتەوەکانی جیهانە.

هەواڵدەریی ئیسنای کرماشان لە زاری لێکۆڵەرێک لە بواری وێژەی کوردیدا بڵاوی کردەوە، هونەری دووبلاژ نابێت ببێتە هۆی گاڵتە کردن بە فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەکان، بەڵکوو هونەری دووبلاژ، هونەری لێک نزیک کردنەوی زمان و فەرهەنگە جیاوازەکانە.

ئەدەرشیر مووسەوی ڕایگەیاند؛ بەداخەوە ئەمڕۆ ئێمە بەچاوی خۆمان دەبینین لە دونیای مەجازیدا هێندێک کەس بە شێوەیەکی کاڵفامانە هەوڵی دووبلاژ کردنی هێندێک دەنگ لە سەر ئەنیمەیشنەکان دەدەن کە ئامانج لەو کردەوە دەبێتە هۆی سووکایەتی کردن بە فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە.

ئەو لێکۆلەرە لە درێژەی ئەو وتوویژەدا گوتی؛ هێندێک خەڵک بە کەڵک وەرگرتنی نابەجێ لە نەرمە ئامێرە سادەکان کە ئەمڕۆ بە ئاسانی دەست دەکەون، هەوڵی دووبلاژ کردنی بەرهەمە فەرهەنگییەکانیان داوە، لەو کەرەستانە بۆ ئامانجی لە نێوبردنی فەرهەنگ و مەزهەبی نەتەوەکان کەڵک وەردەگرن.

مووسەوی هەروەها گوتی؛ لەم دوایانەدا کەسانی بەرژەوەندخواز بە دانانی دەنگی نەشیاو لە سەر زاراوە و زمانی کوردەکان، خەریکی بێڕێزی کردنن بە شوناسی چەند هەزار ساڵەی کورد.

بێڕیزی کردن بە زمان و فەرهەنگی کورد بووەتە دیاردەیەکی باو لە لایەن کەسانی کاڵفام و بیرتەسک لە کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات و لایەنە پەیوندیدارەکانی حکوومەتی هەوڵی سڕینەوەی ئەو دیاردە نەشیاوە نادەن و ئەو کەسانەش سزا نادرێن.