بێڕێزی کردنی سەرکونسوولی ئێران بە ڕێفراندۆم لە سنه

14:44 - 19 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش بێڕێزی کردنی سەرکونسوولی گشتیی ئێران بە پڕۆسەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، خوێندکارانی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین ئەو شوێنەیان بە جێهێشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمرۆ، سەرکونسوولی گشتیی ئێران، \"مورتزا عەبادی\" لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، دەستی بەبێڕیزی بە پرۆسەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد کە لە ئەنجامدا خوێندکارە کوردەکان لە هەمبەر لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، هۆڵی مەولەوی زانکۆی کوردستانیان بە جێهشت.

ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ، پاش دەسپێکردنی لێدوانەکانی، بە شێوەیەکی زۆر ناشارەزایانە و دوور لە عورفی دیپلۆماسی و ئەخلاقی، بە ناڕەوا دەستی بە بێڕێزی بە پرسی ڕێفراندۆم کرد و خوێندکارانی کوردیش پاش ئەو لێدوانانە دەستیان کرد بە بەجێهێشتنی هۆڵی مەولەوی لە زانکۆی کوردستان.

پێشتریش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری حکوومەتی ئێران لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتگیری لە تەواویەتی خاکی عێراق دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: دەبێت لە بەرانبەر وڵاتی ئامریکا هۆشیار بین و نابێت باوەڕ بەو وڵاتە بکەین، چوونکە ئامریکا و هاوپەیمانانی، دژی سەربەخۆیی، شوناس و تەواویەتی خاکی عێراقن \".

پارلمانی کوردستان پاش ڕەوایەتی وەرگرتن بۆ پڕۆسەی ڕێفراندۆم، بە ٦٦ دەنگی ئەرێنی ڕەوایەتی دا بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی.

ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان، بەبەشداری زۆربەی هەرە زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پیرمام، بڕیاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕێفراندوم لە ٢٥ی سێپتامبر درا.