بێڕێزی کردنی دەزگای قەزایی بە سێ هاووڵاتیی کورد

15:13 - 24 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری دێهلوران سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو شارەوە بە بیانووی \"ئەراذل و اوباش\"بوونیان، مەسینەیان لە مل کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری دێهلوران لە حاڵێکدا کە مەسینەیان لە مڵ کرابوو، بە نێوە شاردا گەڕاندوویانن.

هەواڵدەریی مێهری ئیلام لە زاری هێزە ئینتزامییەکانەوە بڵاوی کردەوە کە؛ ئەو بڕیارە بە دەستووری دۆزگەری شاری دێهلوڕان بووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە بە تاوانی \"ئاژاوەنانەوە، بارمتەگرتن و قەمەکێشان\"، ئەو حوکمەیان لە سەر دراوە.

هەروەها ماڵپەڕی \"صراط\" لە زاری نەجەفی دۆزگەری گشتی و ئینقلابی شاری دێهلوڕان، ئامانجی ناوبراوی لەو کردەوە نامرۆڤانەیەی بە دانی هوشداری بەو کەسانە باس کردووە کە؛ خەریکی\"نۆرم شکێنین و دەستدرێژی زۆرملی و بێڕیزی بە نامووسی خەڵک دەکەن.

پێشتریش لە شاری مەریوان، دادگای ئەو شارە بە زۆری جلوبەرگی ژنانەی لە بەر هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارە کرد و لە پێش چاوی خەڵک لە نێو شاری مەریواندا سووڕاندیانەوە.

تێکەڵ کردنی سزادانی تاوانباران بە کەرامەت شکێنیی تاوانبار، یەکێک لە کردەوە دزێوەکانی دەزگای بەناو دادوەریی ئێرانە کە بە کەڵک وەرگرتن لە سۆز یان تووڕەیی خەڵک بەرانبەر تاوانبار، سنوورە یاساییەکان تێدەپەرێنن و سزای نایاسایی بەسەر تاوانباراندا دەسەپێنن.