بێ‏ڕێزی بە وەرزشکارێکی مەهابادی تووڕەیی کوردەکانی ورمێی بەدواوە بوو

14:51 - 3 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: بێ‏ڕێزی هێندیک لە هاندەرانی یانەی والیباڵی شارەوانیی ورمێ بە یاریزانێکی کوردی ئەو یانەیە، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ‏کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یاریی نێوان دوو یانەی والیباڵی \"بانک سرمایە\"ی شاری تاران و شارەوانیی ورمێ کە لە یاریگای \"الغدیر\"ی ئەو شارە بەڕێوە چوو، بێ‏ڕێزی هێندیک لە هاندەرانی یانەی شارەوانی بە یاریزانێکی بەئەزموونی یانەکەی بەدواوە بوو.

لە یاریی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا، کاتێک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد پیرۆ‌ت‏پوور بە جلی کوردییەوە لە یاریگاکە ئامادە بوو، لەگەڵ بێ‏ڕێزی و جنێودانی هێندێک لە هاندەرانی یانەکە بەرەو ڕوو بوویەوە و ئەم هەڵسوکەوتەش تووڕەیی کوردەکانی لێ‏کەوتەوە.

فەرهاد پیرۆت‏پووڕ لەدایکبووی ٢ی ڕەشەممەی ١٣٦٩ی هەتاوییە و یاریزانی تیمی بژاردەی نەتەوەیی ئێرانیشە.

\"28853.jpg\"
بێ‏ڕێزیی هێندیک لە هاندەرانی یانەی والیباڵی شارەوانیی ورمێ بەو وەرزشکارە مەهابادییە، بووەتە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو کە ڕەنگدانەوەی لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە و وەها بێ‏ڕێزییەکیان بە پێچەوانەی ڕاستییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەقەڵەم داوە.

هەواڵنێری کوردپا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە فەرهاد دوای کۆتایی یارییەکە، ویستوویەتی گرێبەستەکەی خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە هەڵوەشێنێتەوە کە پاش داوای لێبوردن کردن و نێوبژیوانیی یاریزانەکان، بەتایبەت یاریزانە تورکەکان لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز بووەتەوە.

هەروەها فەرهاد پیرۆت‏پوور لە وتووێژ لەگەڵ میدیا نێوخۆییەکان‏دا باسی لە سەردانی بەرپرسی شارەوانیی ورمێ و چەند کەس لە ئەندامانی شورای شار بۆ لای خۆی کردووە و ڕایگەیاندووە کە وەک خۆی هیچ سکاڵایەکی لەو چەند کەسە نییە.

یانەی شارەوانیی ورمێ، لەو یارییەدا توانی بە بردنەوەی ٣ سێت بەرانبەر بە سێتێک، بەسەر یانەی \"بانک سرمایە\"دا سەرکەوێت.

پشتیوانی کردن لەو یاریزانە لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبووە، بەچەشنێک کە لەو پەیوەندییەدا کەمپەینێک لەژێر ناوی \"شەرمەزار بووین قارەمان\" پێک‏هاتووە.

لەدرێژەی ڕاپۆرتی نێردراوی هەواڵنێری کوردپادا، باس لە دانیشتنی تایبەتیی فەرمانداریی ورمێ لەسەر ڕووداوەکەی ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەر کراوە و هاتووە کە هەتا ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی حکوومەتی، بە فەرمی دژکردەوەیەکیان لەخۆیان نیشان نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە، زۆریک لە بەکارهێنەرانی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، داوایان لە لاوانی کورد کردووە کە لە یاریی داهاتووی شارەوانی ورمێ‏دا، بە لەبەرکردنی جلی کوردی و بە دانی دروشمی \"جل‏وبەرگی من شوناسی منە\" پشتیوانیی خۆیان لە فەرهاد پیرۆت‌پوور و بێزاریی خۆیان بە نیسبەت دروستکردنی دووبەرەکایەتی لەنێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک، دەرببڕن.

بڕیار وایە هاووڵاتیانی کورد بە مەبەستی شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە قیزەونە، بە نیسبەت بنەماڵەی پیرۆت‏پووڕ، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، بە جل‏وبەرگی کوردییەوە لە یاریگاکە ئامادە بن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، کە - ئاژانسی کوردپا ڕاستیی ڕاپۆرتەکە پشتڕاست ناکاتەوە-، بزوێنەری سەرەکیی ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ورمێ، کەسێک بووە بە ناوی محەممەد عەلی چێهرەگانی، ڕێبەری ڕەوتی ناسراو بە \"بزووتنەوەی نەتەوەیی ئازەربایجانی باشوور و بزووتنەوەی بێداریی نەتەوەیی ئازەربایجانی باشوور\".

پێشتریش ڕێوڕەسمی هاوکاری و ڕێزگرتن لە بەساڵاچوانی شاری نەغەدە بە هۆی هێرشی چەند ماتۆڕسوارێکی پان‏تورکەوە هەڵوەشێندرابوویەوە.

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە حەشیمەتێکی زیاتر لە ٣ میلیۆن کەسەوە، هەشتەمین پارێزگای پڕ حەشیمەتی ئێران بە ئەژمار دێت کە لە نەتەوەکانی کورد، تورک، ئاشووری و ئەرمەنی پێکهاتووە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نەتەوەی کورد زیاتر لە ٦٥%ی حەشیمەتی ئەو پاریزگایە پێک‏دێنێت.