بێڕێزی بە جەمخانەی یارسانەکان لە شائاباد کرا

20:52 - 10 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دوایین جەمخانەی ئۆلی یارسانەکانە لە شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن چەند کەسێکی توندەڕەوی شێعەوە بێڕێزی پێکرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە، نزیکەی ١٠٠ کەسێک کە خۆیان بە \"پیرو ولایت\" ناساندووە، هێرشیان کردووەتە سەر دوایین جەمخانەی یارسانەکان لە شاری ئیسلام ئاوای پارێزگای کرماشان و تەواوی شووشەکانی ئەو جەمخانەیان شکاندووە، هەروەها بینای ئەو جەمخانە هێندێک خەساری وێ‏کەوتووە.

ئەو ١٠٠ کەسە بە پشتیوانیی هێزە ئەمنیەتییەکان و هێزەکانی پۆلیس لەو شوێنە ئامادە بوون و دروشمی\"ئەو ئایینە گومڕایە دەبێ لە ناو بچێت\"یان لە دژی یارسانەکان دا.

هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان، چەند کەسێکی سەر بەو ئایینزایە کە ناڕەزایەتییان بەو کردەوەیە پیشان داوە، لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

ئەو کەسانە بە شێوەی ئازادانە و لە نێو شاردا، دەستیان کردووە بە بێڕێزی کردن بە لایەنگەرانی ئەو ئاینزاییە.

هەتاکوو پێش هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زۆربەی هاووڵاتییانی ئەهلی حەق لە شاری شائاباد نێشتەجێ بوون، بەڵام دواتر زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی ئەزییەت و ئازاری کەسانی سەر بە حکوومەت و توندڕەوەکانی شێعە و سوننی، کۆچیان کرد بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە، ڕێکخراوەی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ڕاوەدوونانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا کردووە.