بێ‌ڕێزی بە ئاڵای کوردستان پەرچەکرداری سەربازە کوردەکانی لێکەوتەوە

19:53 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی \"بەرگری لە ئاڵای کوردستان\" سێ سەربازی کورد لە شاری شنۆ بەرەوڕووی دوورخرانەوە و دەستبەسەری بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ فەرماندەرانی پاسگای ئینتزامیی شاری شنۆ دوو سەربازی کوردیان بۆ ئوستانی سیستان و بەلووچستان دوو خستەوە و سەربازێکی دیکەشیان دەستبەسەر کرد.

ئەو سەربازانە کە خەڵکی شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و مەهابادن، لە پاسگای ئینتزامیی شاری شنۆ سەرقاڵی تێپەراندنی ماوەی سەربازییەکەیان بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ رایەگەیاند؛ فەرماندەی ئەو پاسگایە ناوی \"خاکپوور\"ـە، کە سەربازە کوردەکانی خەڵکی مەهاباد و نەغەدەی بۆ ئوستانی سیستان و بەلووچستان دوور خستۆتەوە و ئەو سەربازە کوردەی خەڵکی شاری (شنۆ)شی دەستبەسەر کردووە.

هۆکاری بڕیاری فەرماندەری ئەو پاسگایە بەم شێوەیە راگەیاندراوە، کە لە رۆژانی رابردوودا و لە گوندی کانی سپی (ئاغبڵاغ) ئاڵای کوردستان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڵدراوە و هێزە ئینتزامییەکان ئاڵاکەیان هیناوەتە خوارەوە و لەگەڵ خۆیاندا بردویانەتە شاری شنۆ و وێڕای دڕاندنی ئاڵای کورستان، بێڕێزیی بە رێبەران و خزمەتکارانی ئەو ئاڵایە کردووە، کە ئەمە دژکردەوەی سەربازە کوردەکانی نێو ئەو پاسگایەی لێکەوتۆتەوە.

سەرچاوەیەک ئاگادار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای رایگەیاند؛ سەربازە کوردەکان لەگەڵ ئەوەی چاویان بە بێڕێزیی فەرماندەی ئەو پاسگایە بە ئاڵای کوردستان کەوتووە، لەگەڵ بەشەر هاتوون، کە بەهۆی بڕیاری فەرماندەکانەوە ئەو سێ سەربازە کوردە دراونەتە بەر لێدان و کوتان.

لە وڵامی پرسیارێکدا کە پەرچەکرداری سەربازەکان چی بووە رایگەیاند؛ یەکێک لە سەربازەکان فلاکسی چاییەکەی فڕێ داوە بۆ سەروچاوی فەرماندەکە و چایی ناو فلاکسەکە رژاوە بە سەروجاوی فەرماندەی پاسگاکەدا.

ئاڵای کوردستان بەدەر لە تێڕانینی سیاسی و و ئایدیۆلۆژیک، رێز و ئێحترامێکی زۆری هەیە و بە چاوی ریزەوە سەیری دەکرێت.

ئاڵای کوردستان کەلە سێ رەنگ پێکهاتووە و خۆرێک لە ناوەڕاستەکەی‌دایە، ئەو سێ رەنگە لە ماوەی زیاتر لە یەک سەدەی رابردوودا سەمبولی ئاڵای کوردستان لە خەباتی نەتەوەی کورد و حکوومەتی شێخ مەحموود و ئیحسان پاشاوە هەتا کۆماری کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.