بێهنام سادقی: زۆر ناوچەی مینڕێژکراو لە نزیک شوێنە گشتییەکان و ژیانی خەڵکی کوردستان هەڵکەوتووە

13:58 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە پارێزگاکانی خووزستان و ئیلام ڕاگەیاندووە، کە کۆڵبەران زیاتر لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ مەترسی مین بەرەوڕوون.

بێنهام سادقی چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە پارێزگاکانی خووزستان و ئیلام بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"مین، دۆسییەکی هەمیشە کراوە\" لە بڵاوکراوەی \"ماف\" باسی لە ئاماری قوربانیانی مین و کەرەستە نەتەقێندراوەکانی سەردەمی شەڕ لە کوردستان دەکات.

ئەو چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مینە، لەم بابەتەدا ئاماژەی بە ڕووداوە نەخوازراوەکانی مین لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کردووە و دەڵێت: \"ئەم ڕووداوانە لە حاڵێکدا ڕوو دەدەن، کە زیاتر لە یەک دەیەیە لە چالاکی ناوەندی کۆکردنەوەی مین لە ناوچە ئالوودەبووەکان بە مین تێدەپەڕێ و لانیکەم چاوەروانییەکی وا هەیە، کە پاش یەک دەیە لە چالاکی خاوێنکردنەوەی ئەم کەرەستەی شەڕە ئاسەوارێک لە مین لەو ناوچە پڕحەشیمەتە نەمێنێت، بەداخەوە بوونی مینە بەجێماوەکان لە نزیک ناوەندە پڕحەشیمەتەکان، بەردەوام کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

ناوبراو هەروەها لەو بارەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو: \"لە ئەمساڵدا هەتا کاتی نووسینی ئەم بابەتە و لە ١٨ ڕووداوی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕ لە پارێزگا ئالوودەبووەکان بە مین، بەداخەوە ٥ کوژراو و ٢٢ کەس بریندار بوون، کە تەواوی ئەو ڕووداوانە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ڕووی داوە\".

ئەو چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مینە، ئەوەشی ڕوون کردوەوە، کە \"لە نێوان ئەو ٢٢ کەسە بریندارە لە ئەمساڵدا ٨ کەسیان کۆڵبەر بووە، کە ئەمە نیشان دەدات ئەم توێژە لە کۆمەڵگا بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی کەم لە چ ڕێگایەکی پڕمەترسیداردا هەنگاو هەڵدەگرن\".