بێسەرو شوێن بوونی سینەماکارێکی کورد لەتاران

15:19 - 2 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: كەیوان كەریمی دەرهێنەری كوردی خەڵكی شاری بانە و دانیشتووی تاران ماوەی زیاتر لەیەک حەفتەیە بێسەرو شوێنە و لەو ماوەیەدا هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی ٨ رۆژە كەیوان كەریمی دەرهێنەری کورد و براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی \"فیلۆفێست\"ی سلۆڤینیا، لەرۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەماوەزەوە هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

دەگوترێت کە ئەو دەرهێنەرە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەتاران دەستبەسەر و رەوانەی زیندان \"ئێڤین\"‌ی تاران كرابێت، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بنەماڵەی \"کەریمی\"یەوە هەواڵی دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان پشتڕاست نەکراوەتەوە.

\"17531.jpg\"
كەیوان كەریمی دەرهێنەری کورد و برای سینەماکاری کۆچکردووی کورد تەها کەریمی
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بنەماڵەی كەیوان كەریمی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەی ئەو دەرهێنەرە کوردە دروست کردووە.

كەیوان كەریمی خاوەنی ژمارەیەک بەرهەمە و یەكێک لەبەرهەمەكانی بەناوی \"سنووری شكاو\" دوای بەشداریی لەفێستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی \"فیلۆفێست\"ی سلۆڤینیا خلاتی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵەکەی پێ‌بەخشرابوو.

ئەو سینەماكارە كوردە لەدایكبووی شاری بانەیە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی راگەیاندن لەزانكۆی تاران بەدەست هێناوە.