بێسەروشوێن بوونی ٥ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرەو بۆکان

13:36 - 24 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ برا لە ناوچەی دیواندەرە، و دوولاوی خەڵکی ناوچەی بۆکان، کە لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \"کێلەکەوو\" ناوچەی دیواندەرە، کە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەز لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.

شاهۆ، فەرزاد و هێمن مورادی (برای یەکتر) ماوەی ١١ رۆژە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کراون.

سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکاری ئەو سێ برایە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی راگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

ناڕوونیی چارەنووسی ئەو سێ برایە، نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی لای بنەماڵە و کەسوکاریان دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە دوو لاوی کوردی خەڵکی گوندی \"گامێشگۆلی\" لە ناوچەی بۆکان، کە رێکەوتی ٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە گوندەکەی خۆیاندا دەستبەسەر کران، چارەنووسیان نادیارە.

میلاد عەبدی و قاسم سپاهی ماوەی ٢١ رۆژە لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیدان و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانیان روون نەبۆتەوە.

بنەماڵەی ئەو دوو لاوە کوردە لەماوەی ئەو ٢١ رۆژەدا چەندین جار سەردانی ئیتلاعاتی شاری بۆکانیان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان هیچ زانییارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو لاوە کوردە ، رانەگەیاندووە.