بێزاریی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان لە هەمبەر حوکمی ئێعدامی چالاکانی کورد

21:21 - 17 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی مەدەنی لە کوردستان لە کارێکی سمبۆلێکدا بێزاری خۆیان سەبارەت بە بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بۆ چالاکانی مەدەنی دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی مەدەنیی کوردستان یەکەم حەرەکەتی مەدەنییان بە مەبەستی دەربڕینی بێزاری لە بەرانبەر حوکمی ئێعدام بۆ چالاکانی کورد دەستی پێ کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەوانیان کردووە.

ئەو چالاکە مەدەنییانە ئەو حەرەکەتە سمبۆلێکە بە دروشمی \"نە بۆ ئێعدام، بەڵی بۆ ژیان\" دەست پێ کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی \"هیدایەت عەبدوڵلاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهیـ\"یان کردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، لقەکانی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە کوردستان، ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵلاپوور، دوو زیندانیی سیاسیی کوردیان لە گرتووخانەکانی سنە و ورمێ بە تۆمەتی \"بغی، هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

لەم پێوەندییەدا حوسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەری ئەم دوو زیندانییە سیاسییە دەڵێت: \"دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ئەم دوو کەسە، لەسەر داواکاریی وەزارەتی ئیتلاعات و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە بووە.

بڕینەوەی حوکمی ئێعدامی بۆ نابراوان، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی چالاکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سیاسی لێ کەوتووتەوە.