بێدەنگیی بەرپرسانی حکوومەتی لەهەمبەر بڕینی دارستانەکانی گوندەکانی مەریوان

15:04 - 19 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی سەرەتای ساڵی ٩٧ی هەتاوی، کەسانێکی نەناسراوی هەلپەرەست، بۆ سێهەمین جار دەستیان کردووە بە بڕینی دارستانەکانی شاری مەریوان و بەرپرسانی حکوومەتیش لەو بارەیەوە بێدەنگیان هەڵبژرادووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بۆ سێهەمین جار، بە شێوەیەکی نایاسایی کەس یان کەسانێکی هەلپەڕەست، دەستیان بە بڕینی دارستانەکانی گوندەکانی \"گاگل، باشماخ و چەنارە\" کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا، ئەمە سێهەمین کەرەتە کەسانێکی نەناسراو بە شێوەیەکی نەشیاو دەستیان بە بڕینی دارەکانی ئەو سێ گوندە کردووە و لایەنە پەیوەندییەدارەکانیش بێدەنگیان هەڵبژرادووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ناڕەزایەتی و سکاڵای هاووڵاتییانی ئەو سێ گوندە، لە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ پێشگرتن لەو ڕەوتە، هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی لەو شارە وڵامدەر نییە.

پێشتریش، کەسانێکی هەلپەرەست و بەرژەوەندیخواز، لە گوندی \"کانی جەژنی\" شاری سەقز، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان نزیکەی ١٠٠ دار لە دارستانەکانی ئەو گوندەیان بڕیبوو.