بێبەریی کچێک لە یارمەتییەکانی نەخۆشخانە

14:34 - 7 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچێکی لاوی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، کە بە هۆی خۆکوژییەوە، ماوەی ٤٠ ڕۆژە لە کۆما دایە، له لایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەی شاری سەقز کاروباری پزشکی بۆ ناکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ، کچێکی ۱۷ ساڵەی سەقزی بە ناوی \"ئیلهام فاتمی\" کە ٤٠ ڕۆژ پێش بە هۆی خۆکوژی کەوتبووە حاڵەتی کۆما، له لایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەی شاری سەقز کاروباری پزشکی بۆ ئەنجام نادرێت.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو کچە لاوە، دوای ئەوەی ناوبراو بە خواردنی حەب خۆکوژی دەکات، تووشی مەرگی مەغزی دەبێ و دەکەوێتە حاڵەتی کۆما و سەرەڕای ئەوەی ماوەی ٤٠ رۆژە لە نەخۆشخانەدا چاوەدێری دەکرێ، بەڵام پزشکەکان لە چاکبوونەوەی ناوبراو هیوابڕاو دەبن، بڕیارە ئەمڕۆ هەموو ئەو دەزگایانەی کە یارمەتیدەری زیندوومانەوەی بوون لێی ببڕن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کچە لاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی بە خواردنی \"حەب\" دەستی دابووە و خۆکوژی.

نەخۆشخانە وەکوو ژینگەیەکی ماددی و کۆمەڵایەتی، بێجگە لە شوێندانەری لە سەر سەڵامەتی و تەندروستیی مرۆڤەکان، شوێنێکە لە سەر ژیانی مرۆڤەکانی دەورووبەریش شوێندانەرە، بەڵام نەخۆشخانەکانی ئێران کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران دایە، زۆرجار بە هۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکی و هەروەها به بێبەریکردنی هاووڵاتییان لە دەوا و دەرمان بە هۆی نەبوونی پارە، گیانی هاووڵاتییانی خستووتە مەترسییەوە.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان، کە هەژاری، دەستکورتی، بێهیوایی لە نێو لاوان، کێشەی بنەماڵەیی لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو مێرمنداڵان و لاوان بە ئەژمار دێن.