بیستەمین ڕۆژی مانگرتنی بازاڕیانی بانە \"لە کەشوهەوایەکی ئەمنییەتیـ\"ـدا درێژەی هەیە

16:31 - 14 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە، مانگرتنی بازاڕیانی ئەو شارە سنوورییە، بە بیستەمین ڕۆژی خۆی گەیشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی ١٤ی بانەمەڕ، مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شاری بانە پێی نایە بیستەمین ڕۆژی خۆیەوە و مانگرتووان لە چاوەڕوانیی ڕێگاچارێک لە لایەن دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی بۆ کرانەوەی سنوورەکانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"حکوومەتی ئێران لە ترسی کۆبوونەوەی بازاڕیانی مانگرتوو لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە، بە جێگرکردنی هێزەکانی دژە شۆڕش لە ناو شاردا کەشوهەوای ئەمنییەتی بە سەر شاری بانە حاکم بووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"لە هەژدەهەمین ڕۆژی مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانەدا، ئینترنێتی ئەو شارە بەتەواوەتی داخراوە و تەنیا دوو خەتی ئینترنێتی شاتل و مبین‌نت کە تایبەتی بە ئیدارەی دەوڵەتییەکانن، داخراون\".

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە، هۆکاری پچڕاندنی ئینترنێتی لە شاری بانە بۆ \"پێشگرتن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی مانگرتووانی بانە و ڕووماڵ نەکردنی لە لایەن ڕاگەیەندنەکانەوە\" ڕاگەیاند.

سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەتی، بازاڕیانی شاری بانە ڕایانگەیاندووە، هەتا جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستی پێ کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دووکانداران و بازاڕییان بە هەڵگرتنی پلاکارتگەلێک کە لە سەری نووسرابوو، \"کرانەوەی سنوورەکان\"، \"نان و کار\" و هەروەها بە دروشمی \"چیتان دەوێت هاووڵاتییان ڕۆیشتنی فەرماندار\"، داواکاری جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوون.

مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، بەتایبەت شاری بانە، درێژترین مانگرتنی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە؛ بە وتەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەم مانگرتنە مەدەنییە بە واتای \"سەپاندنی کەرامەتی مرۆیی\" بە سەر حکوومەتدایە.