بیرەوەریی وێنەگرێکی کورد لە شەڕدا (بەشی ١)*

21:09 - 23 گەلاوێژ 2714
\"خوێن رشتن لەم وڵاتە کۆتایی پێ نایا\"

٣.٨.٢٠١٤ رۆژێکی سەیر بوو لە ژیانی من دا، نازانم چۆن نانی نیوەرۆم خوارد و چۆن کەلوپەلەکانم کۆکردەوە، ئارام و قەرارم نەبوو.

ئەمە یەکەمجار بوو هه‌ست و سۆزم تێکه‌ڵ به‌ئه‌زموونێکی نوێ بێ. هەر چی دوور ده‌کەوتمەوە شتەکە ئاساییتر ده‌بوویەوە، هەندێک جاریش نائومێد دەبووم لەوەی کە نەهێڵن لە بەرەکانی شەڕ نیزیک ببمەوە.

\"21470.jpg\"
سەلاح نادری، وێنەگری کورد
لە رێگای لەیلای هاورێمەوە، هەندێک پێداویستیم وەکوو ئینتێرنێت و ئامرازی پەیوەندی کردن بە بەرپرسانی گەرمیانەوە جێبەجێ کرد، شەو کاتژمێر(٨) گەیشتمە شاری کەلار. پێیان وتم کە سبەی ناچین، ره‌نگه‌رۆژێک دوا بکه‌وین، ئێستا تەواو ئاسایی بوومەتەوە، ئارام و چاوەرێم ...

٤.٨.٢٠١٤ ئەمشەو دڵەڕاوکێ ناهێڵێ بخەوم دەچمە دەرەوە، ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەش ئارامم ناکاتەوە.

\"21472.jpg\"
ئێستا لە رێگای خانەقینم، دەبێ بچم ئەبوو عەلی ناسراو بە ‌‌حوسێن مەنسور ببینم، لەبەر ئەوەی شۆفیری تاکسییەکە وازی نەدەهێنا، دەبوو بڵێم دەچم بۆ کوێ و بۆ لای کێ...، وتی کە کاک حوسێن مەنسوور کەسێکی زۆر تووڕەیە، ئێستا گەیشتوینەتە ناو شاری خانەقین، ئەم شارەش کورد و عەربی تێدایە، زۆربه‌ی کوردەکانی ئه‌م شاره‌ شیعه‌ مەزهەب و کاکەیین، بۆ ئەوەی بچمە بەرەکانی شەڕی پيشمەرگە و داعش، پێویستیم بە مۆڵەت هەیە...

لیوا حوسێن مەنسوور کەسێکی باریکەڵە و نیسبەتەن باڵا بەرزبوو، بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە پشت مێزەکەی دانیشتبوو، کە چوومە ژوورەوە هەستا سەرپێ و زۆر بە گەرموگوڕی پيشوازی لێکردم، بە قەولی خۆی لە گەڵ رۆژنامەنوسان بێ گرێ و گۆڵە. ئەو منی لە بریاری نوێی وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار کردەوە کە رۆژنامەنووسان ناتوانن لێدوان لە هەموو کەس وەرگرن و بە وردبینیەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەواڵ و وێنەی شەڕ بکرێ بۆ ئەوەی زانیاری سەربازی بە دوژمن نەدرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوانەش دا پێویستە لە سەرەوەتر ئیزن وەرگرین، پێکەوە بە ماشێنەکەی لیوا حوسێن مەنسوور چووینە لای مەحمودی ‌حاجی محەممەد فەرماندەی هێزەکان پێشمەرگە لە خانەقین، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرەوەتر و رێنمای زیاتر رەزامەندی دەڕبڕی.

یەکەمین رۆژی بەشداریم لە شەڕدا

خوێن رشتن لەم وڵاتە کۆتایی پێ‌نایا...

\"21475.jpg\"
لیوا رزگار جەبار محەممەد
ئەمە قسەی لیوا رزگار جەبار محەممەد فەرماندەی لیوای پێنج بوو کەلە گوندی باوە مەحموو چاوەرێم بوو، لیوا رزگار پیاوێکی رەشتاڵە و دەم بە پێکەنین بوو، وتی باوە مەحموو هەم کاکەییەکان بە هی خۆیان دەزانن هەمیش شیعەکان، مەرقەدێک لە سەر تەپۆڵکەیەک... لەگەڵ لیوا رزگار و دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بەرەو جەلەولا وەرێ دەکەوین، لە رێگا دا کاک رزگار سنووری پێشووی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عراقی پێ پیشان دام کە بە حەلوان ناسراوە. لیوا رزگار باسی ساڵی ٢٠٠٣ی بۆ کردم کە چۆن لە مەندەلی کتێبخانەیەکی لە فەوتان رزگار کردوە.

\"21473.jpg\"
ئێرە جەلەولایە، بەشێک لەم شارە چۆڵ کراوە... لە دانیشتوان تاق و لۆقە نەبێ که‌سی تێدا نابینی، شارێک کە خۆی بەسەر پێدەشتێک و تەپۆڵکەیەک دا شۆڕ کردووه‌ته‌وه‌.\"هەتا پێش ١١ لە سەر١٢ی ئەم مانگە واتە مانگی (٧) بەشێکی کەمی ئەم شارە لە دەست پێشمەرگە دا بوو، تەکتیر قەناسەکانی داعش لە ماڵەکانی سەر تەپۆڵکەکە نەیان دەهيشت کەس لە ناو شار نیزیک ببێتەوە، بەڵام لەو شەوە دا پێشمەرگاکان لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیان کردۆتە سەر داعش و هەتا بەرزایەکانی تەپۆڵکەکە یان رزگار کردوە و ٤ پيشمەرگە شەهید بوون و ژماره‌یه‌کیش چەکداری داعش کوژراون، ئێستا رۆژانە شەڕ بەردەوامە\" ئەمە قسەی پیاوێکی چوارشانە و باڵا بەرزە بەناوی موقەدەم فەتاح، لەگەڵ جێگرەکەی کاک شێرکۆ ئازا لە کاتی رۆیشتن گورج وگۆڵ خۆی پێچاوە و بە ناو کۆڵانە تەنگه بە‌ره‌کانی جەلەولا دەچینە ماڵەکانی سەر تەپۆڵکەکە، موقەدەم فەتاح دەچێتە لای دار خورمایەک لە ناوەڕاستی ماڵێک دا کە بەرهەمی خورماکەی گەیشتبوو خورمایەکی لێ کردەوە و بە گاڵتەوە دەڵێ: ئێستا نۆبەی ئێمەیە و دوایی دەڵێ: شەڕ شەڕی تەکتیر قەناسەیە. ئەو دیوی تەپۆڵکەکە داعشن، ئەم دیویش پيشمەرگەیە ...ئەو ماڵانە وەکوو گەڵای دار جێگەی فیشەکیان پێوە دیارە، لێرە سەرەتاتکێ بکەی وەکوو پۆڕ ڕاو دەکرێی، کە دەگەیە لای ئەم دیوارانە ترسێکی سەیر داتدەگرێ بەڵام پيشمەرگەکان وەکوو ئەوەی راهاتبن یان بێ باکیان له‌گوله‌نه‌بێ وابوون...

\"21474.jpg\"
ئەمشەو شەوێکی سەیر بوو، کۆڵان بە کۆڵان و سەنگەر بە سەنگەر بە دوای پيشمەرگە دا چووم ئەوان لە تاریکایی شەو و لە بەر رووناکی مانگ دا دادەنیشن، ئەوان دەریایەکی مەند و قووڵن کە لە شەودا دەبریسکێنەوە.

ئەمشەو هەتا بەیانی گوێم لە دەنگی خۆشی موسیقای تەکتیر قەناس و دۆشکا و ئارپی جی گرتووە. لە لای پێشمەرگەکان لە کۆتایی سنووری پێشمەرگە له‌گه‌ڵ داعش راوەستاوم، بەڵام هەتا چیای حەمرین و سنووری کۆتایی باشووری کوردستان ١٥-١٤ کیلۆمیتر ئازاد نەکراوە...

لەوێ پییان وتم، کە مەخموور لە نزیک هەولیر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، هەر بۆیە بەپەلە بەرەو مەخموور وەڕێ کەوتم.

بێرەوەریی سەلاح نادری وێنەگری کورد لە بەرەکانی شەڕی ناوچەی جەلەولا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ناردووە.

\"21476.jpg\"

\"21477.jpg\"

\"21478.jpg\"

\"21480.jpg\"

\"21481.jpg\"