بۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە و سەردەشت، سمینار و کۆنسێرتێک لە وڵاتی ئێران بەڕێوە دەچێت

14:07 - 5 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە ٢٥مین ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی شارەکانی \"هەڵەبجە\" و \"سەردەشت\"، چەندین چالاکی فەرهەنگی و سمینار لە وڵاتی ئێران بەڕێوە دەچن.

ئەنجومەنی ئیسلامیی خوێندکارانی زانستگەی تاران و زانستە پزیشکییەکانی تاران بۆ یاد و بیرئانینی ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی شارەکانی \"هەڵەبجە و سەردەشت\" سمینارێکی تایبەتی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتی ئەدەبی و رۆشنبیریی کورد بەڕێوە دەبات.

ئەو سمینارە کە رێکەوتی ٩ی رەشەممە لە هۆڵی \"ئیبنی سینا\"ی زانکۆی پزیشکی تاران بەڕێوە دەچێت، چەندین کەسایەتی وەک: \"جەلال مەلەکشا\"، \"خالید تەوەکولی\"، \"ئەسعەد ئەردەڵان\" و \"سەعدوڵڵا نەسیری\" تێیدا بەشدار دەبن.

\"11224.jpg\"
بەشێک لەو سمینارە بۆ تاوتوێ کردنی کارەساتی شیمیاباران کردنی شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لە روانگەی کۆمەڵناسی، ئەخلاقی و ژێنگەیەوە تەرخان دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، گروپی کامکارەکانیش لە ساڵڤەگەڕی شیمیاباران کردنی هەڵەبجە، چەندین کۆنسێرت بە زمانەکانی کوردی و فارسی لە ئاستی ئێراندا بەڕێوە دەبەن.