بۆ دەسەڵاتی ئێران: هەڕەشە کردن لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کورد ڕابگرن

21:05 - 3 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: شوورای بەرزی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، داوای ڕاگرتنی سەرکوتی مافی مرۆڤ، هەڕەشە لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خەڵکی کوردی لە ڕۆژهەڵات و نەتەوە و کەمایەتییەکانی دیکە و هەروەها هەڵگرتنی گوشار ونانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر هاووڵاتیانی ئێرانی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوورای بەرزی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا داوای ئازادیی زیندانیانی سیاسی، کرانەوەی سیاسی لە وڵات، ئاشتی لەگەڵ خەڵک و مافی مرۆڤی کردووە.

دەقی بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوە کە بەدەستی کوردپا گەیشتووە وەک خۆی لەخوارەوە هاتووە:

ڕێکخراوی داکۆکی لەمافی مرۆڤی کوردستان، پێشوازی لە ڕاگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و ئەو هەوڵانەی کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ڕەنجی خەڵک دەکات و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، داوای ڕاگرتنی سەرکوتی مافی مرۆڤ و هەڕەشە لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات و نەتەوە و کەمایەتییەکانی دیکەی ئێران و هەروەها هەوڵدان بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی و کرانەوەی سیاسی لە وڵات و ئاشتی لەگەڵ خەڵک و مافی مرۆڤ دەکات.

هەرچەند سزا ئابوورییەکانی شوورای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە زلهێزەکان و هەروەها کۆمەڵگای جیهانی دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بە مەبەستی ملدانی ڕێبەرانی توێژی دەسەڵاتدار لەئێراندا بە ڕاگرتنی هێندێک لە چالاکییە ناوکییەکان کە دژی ئاشتی و تەناهیی جیهانی بوون و بە مەبەستی ڕازی کردنیان بۆ ڕەچاوکردنی مافە نێونەتەوەییەکان دەخرایە سەر ئێران و جێبەجێ دەکرا، بەڵام دانانی هێندیک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی پەیوەندیدار بەو تاوانانە، بەداخەوە باندۆری خراپ و حاشا هەڵنەگری لەسەر دۆخی گوزەران و ژیانی ئابووریی بەشێکی زۆر لە توێژە کەم داهاتەکانی داناوە؛ بە چەشنێک لەو بوارەدا و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زیانی قەرەبوو نەکراوی لەسەر کەرەستە پێویستەکانی ژیانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی ئێران هەبووە.

ئێمە وەکوو ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، هەنگاوی ڕاگرتنی سزا ئابوورییەکان بەتایبەت هەڵگرتنەوەی ئەو گەمارۆیانەی کە دەتوانێ لە باشتر بوونی دۆخی ئابووریی خەڵکدا کاریگەری هەبێت و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرد و ڕەنجی توێژە کەم داهات و زیانهەڵگرەکانی کۆمەڵگا، پشتیوانی دەکەین.

هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، ڕاگرتنی سەرکوتی مافی مرۆڤ، هەڕەشە لە سەر ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات و نەتەوە و کەمایەتییەکانی دیکە و هەروەها هەڵگرتنەوەی گوشار و نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیانی ئێرانی دەکەین. ئەم ڕێکخراوە ڕەچاوکردنی هەنگاوە پێویستەکانی بۆ ڕێنوێنی کردنی وڵات بەرەو کرانەوەی سیاسی لە نێوخۆ و هەوڵدان بۆ ئاشتی لەگەل خەڵک و مافی مرۆڤ و سەقامگیرکردنی دێموکراسیی مەدەنی و بێ هەڵاواردن، وەکوو پێویستیی و خواستی خەڵکی ئێران و وەک یەکێک لە پێویستییەکانی ژیان دەزانێت.

هەربۆیە، وەکوو پێشنیاز و ڕچەشکێنی وەها داواکارییەک، داوای ئازادیی دەستبەجێی هەموو زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەهەموو ئێران، وەکوو ئازادی بێ مەرجی باوکی مەعنەویی مافی مرۆڤی کوردستان، بەڕێز محەممەد سەدیق کەبوودوەند، ئازادیی ڕۆژنامەنووسانی کورد بەڕێزان خۆسرۆ کوردپوور و عەدنان حەسەن‌پوور و کۆتایی هێنان بە گۆشەنشینی بەڕێزان میرحوسێن موسەوی و مێهدیی کەڕووبی و خاتوو زەهرا ڕەهنەوەرد لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین.

هەینی : ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ / ٢٢ ژانویەی ٢٠١٦
شوورای بەرزی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان