بۆ جێژنی باڵغ‌بوونی کچان لە تیکاب پارە لە قوتابیان وەردەگیرێت

20:56 - 27 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: قوتابیانی قوتابخانەکانی ناوچەی تیکاب سەرلەنوێ، لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەکانەوە بە بیانوویەکی دیکە، پارەیان لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قوتابخانەکانی ناوچەی تیکاب بە بۆنەی جێژنی \"تەکلیف (باڵغبوون)\"ی کچان، داوای ٢٠ هەزار تمەن پارەیان لە قوتابییان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەرپرسی قوتابخانەکان گوتوویانە کە دەبێ ئەو بڕە پارەیە بۆ تێچووی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی باڵغبوونی کچان بە قوتابخانەکان بدەن.

لە ئایینی ئیسلام‌دا کچان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە ئەرکە ئایینییەکانیان لەسەر فەڕز دەبێت و لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا لە زۆربەی قوتابخانە و مزگەوتەکان ئەو رێوڕەسمە بە بەشداریی مامۆستایانی ئایینی بۆ کچان بەڕێوەچووە.

پێشتریش لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بەرپرسانی قوتابخانەکانی ناوچەی تیکاب بڕی ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار تەمەن پارەیان بابەتی دابین کردنی سووتەمەنیی قوتابخانەکان، لە قوتابیان ئەستاندبوو.