بۆ بە فەرمی ناسینی"10ی خاكەلێوە" وەك رۆژی شەهیدانی هەموو بەشەكانی كوردستان، كەمپەینێك پێكهات

14:12 - 10 خاکەلێوه 2712
كوردپا: كۆمەڵێك لە چالاكانی سیاسی و رۆژنامەنووسانی كورد، بە مەبەستی ناودێر كردنی 10ی خاكەلێوە وەك رۆژی شەهیدانی هەر چوار بەشی كوردستان كەمپیەنێكیان رێكخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئامانج لە وەڕێخستنی ئەو كەمپەینە لەلایەن چالاكانی سیاسی و رۆژنامەنووسانی كوردەوە بۆ بە فەرمی ناودێر كردنی 10 خاكەلێوە رۆژی لە سێدارە دانی \"پێشەوا قازی محەممەد\"، یەكەم سەركۆماری كوردستانە لە هەر چوار بەشی كوردستان، وەك \"رۆژی شەهیدانی كوردستان\".

هەتا ئێستا بە دەیان كەس لە چالاكانی سیاسی، رۆژنامەنووس و فەرهەنگیی كورد بە لیستەی یەكەمی ئەو كەمپەینە پەیوەست بوون.
\"3977.jpg\"

بڕیارە ئەم كەمپەینە ماوەی 10 رۆژ بخایەنێت و سەرەنجام لە نامەیەكی سەرئاوەڵا بڵاو دەكرێتەوە كە نوسخەیەكی بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارلەمانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم حیزب و رێكخراوەكانی هەرچوار بەشی كوردستان رەوانە دەكرێت.

مەسەلەی بە فەرمی ناودێر كردنی 10ی خاكەلێوە وەك رۆژی شەهیدانی هەر چوار بەشی كوردستان لەمێژە لەلایەن حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانەوە هاتۆتە گۆڕێ‌ و لە \"دووەمین كۆنفرانسی نەتەوەیی لاوانی كوردستان\" كە 25 هەتا 27ی رەشەمە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، ئەم پرسە خرایەوە بەرباس و پێشنیار كرا لە دووتوێی پێشنیارەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی لاواندا رەوانەی \"كۆنگرەی نەوەیی كوردستان\" بكرێت كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لە هەولێر ببەسترێ‌.

10ی خاكەلێوەی ساڵی 1326ی هەتاوی، واتە 65 ساڵ لەمەوبەر پێشەوا قازی محەممەد، سەركۆماری كوردستان و دوو كەس هاوڕێیانی محەممەد حوسێن سەیفی قازی و ئەبولقاسم سەدر قازی لەلایەن حكوومەتی پەهلەویی ئێرانەوە لە مەیدانی \"چوار چرا\"ی شاری مەهاباد لە سێدارە دران.