بۆ بەرزراگرتنی یادی ئیرەج عەندەلیبی، لە تاران كۆنسێرتێك بەڕێوە دەچێت

22:12 - 21 جۆزەردان 2712
كوردپا: هەواڵدەریی پانا بڵاوی كردەوە، گرووپی مووزیكی \"قەمەر\" بە یاد و بیرئانینی گۆرانیبێژی كۆچكردووی كورد ئیرەج عەندەلیبی، كۆنسێرتێك بۆ شاهۆ عەندەلیبی كوڕی ئەو گۆرانیبێژە رێك دەخات.

گرووپی موزیكی \"قەمەر\" بە سەرپەرستی و ئاوازدانەریی \"نەوید دێهقان\" بە تەمایە لە رۆژانی 8 و 9ی پووشپەڕی 1391ی هەتاوی ( 28 و 29ی 2012ی زایینی) بۆ بەرز راگرتنی یادی گۆرانیبێژی كورد ئیرەج عەندەلیبی، لە تەلاری ئەندیشەی تاران كۆنسێرتێكی گۆرانی و مووزیكی كوردی بەڕێوە ببات.

لەو كۆنسێرتەدا شاهۆ عەندەلیبی ئامێرژەنی نەی و ئەندامی سەرەكیی گرووپی مووزیكی شەهنازی، گۆرانییەكانی باوكی دەچڕێت.

نەوید دێهقان بە پایگای خەبەری مۆسیقای ئێرانی راگەیاندووە، بڕیار وایە لەم كۆنسێرتەدا گرووپی مووزیكی \"قەمەر\" چەندین گۆرانی و پارچە مووزیكی رەسەنی كوردی بە شێوازێكی نوێ و دابەش كردنێكی نوێوە پێشكەش بكات.
\"4820.jpg\"
ئەوەشی خستە روو، گرووپی مووزیكی \"قەمەر\" لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی كە دامەزراوە هەموو كاتێك كاری نوێی پێشكەش بە ئۆگرانی كردووە و هیچكات كارەكانی پێشووی خۆی دووپات نەكردۆتەوە، لەم كۆنسێرتەدا كە بە یادی گۆرانێبێژی كورد ئیرەج عەندەلیبی پێشكەش دەكرێت، هەوڵی ئەوە دراوە كۆنسێرتێكی رێكوپێك ساز بكەن.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش كردووە، قەوارەی ئامێرژەنیی گرووپە مۆسیقییەكە لەم كۆنسێرتەدا، هەمان فۆرمی مۆسیقای كلاسیكی ئێرانیە كە هەوڵمان داوە بەو پارچە مووزیكانەی كە پێكهاتەكەیان لەگەڵ پێكهاتەی مۆسیقای فۆلكلۆری كوردی نزیكە و لە دەزگاكانی شوور، ماهوور، ئیسفەهان و هومایووندا جێبەجێ‌ بكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم كۆنسێرتەی تەلاری ئەندیشەی تاران لە شارەكانی هەمەدان، نەیشابوور و چەندین شاری دیكەی ئێران بەڕێوە دەبەن.

لە كۆنسێرتی شاری تاراندا كە تایبەتە بە مووزیكی كوردی، گۆڕانكاری لە هارمۆنی، ئۆركێستراسیۆن و هەروەها شێوازی ژەنینی ئامێرەكاندا بەدی دێنن و بە شێوازێكی نوێ مووزیكەكان دابەش دەكرێن و بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین ژەنیاری بەتوانا لە گرووپەكەیاندا كەڵك وەردەگرین.

ـ ئیرەج عەندەلیبی، ساڵی 1321 لە شاری سنە و لە بنەماڵەیەكی هونەرمەند و ناودار لەدایك بووە.

ـ هەر لە منداڵییەوە خوێندنی لە بواری مۆسیقای كوردی و بەتایبەت مەقامی غەیرە كوردی بە شێوەی جیددی لەلای مامۆستا حەسەن كامكار دەست پێكردووە.

ـ لە ماوەی سی ساڵ چالاكی و توێژینەوە لە بواری مۆسیقای كوردستاندا بەرهەمی زۆری خوڵقاندووە كە دەكرێ‌ ئاماژە بە \"دەمێك ساقی\"، \"شوانی، شوانی\" و \"نەشمیل نەشمیل\" بكەین كە لەسەر زاری چەند نەوەی خەڵكی كوردستانە.
\"4821.jpg\"
ـ لەگەڵ گرووپی مۆسیقای \"حەسەن كامكار\"دا كۆمەڵێك مووزیك و گۆرانیی لە رادیۆ و تەلەفیزیۆنی سنە و چەندین \"سەفحەی قەدیمی\"ی تۆمار كردووە.

ـ یەكێك لە گۆرانیبێژانی ناوداری كورد و مامی هونەرمەندانی ژەنیار و شارەزایانی مۆسیقای كوردی و فارسی وەك: جەمشید و جەلیل عەندەلیبی‌یە.

ـ پاش هەشت ساڵ نەخۆشی، دوایین ساڵەكانی ژیانی لە بێدەنگیدا بەسەر برد و سەرنجام 15ی بانەمەڕی ساڵی 1387 لە شاری هەمەدان كۆچی دوایی كرد.