بۆ بژێوی ژیان/ لە هەر 48 كاتژمێردا هاووڵاتییەكی كورد دەبێتە قوربانی

16:37 - 5 بەفرانبار 2711
كوردپا: بە شێوەی نێونجی و لە سێ‌مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا لە هەر 48 كاتژمێردا كۆڵبەرێكی سەر سنوورەكانی كوردستانی ئێران لەلایەن هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە كوژراو یان بریندار بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە90 رۆژی رابردۆوە هەتا ئێستا 48 كەس لە كۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بوونەتە ئامانجی دەستڕێژی راستەوخۆی نیزامییەكانی ئێران و لە ئەنجامدا كوژراو و بریندار بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا 28 كۆڵبەری كورد گیانیان لێ‌ئەستێنراوە و 20ی دیكەش بریندار بوون.

دوایین حاڵەت لاوێكی تەمەن 21 ساڵ و خاوەن بنەماڵە و خەڵكی شاری مەهابادبووە كە كرایە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەكان و گیانی لێ‌ئەستێنرا و تەرمی ئەو لاوە مەهابادییە دوای سێ‌رۆژ رادەستی بنەماڵەكەی كراویەوە.

هاووڵاتییانی كورد لە كوردستانی ئێران بەهۆی نەبوونی دەرەتانی كار و هەڵاوسانی ئابووری لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە تایبەت ناوچە سنوورییەكان، بە ناچاری و بۆ بژێوی ژیانی رۆژانەیان پیشەی مەترسیداری كۆڵبەری هەڵدەبژێرن.

ئەو كۆڵبەرانە لە هەمبەر ئەو كارە ئەستەم و مەترسیدارەدا حەقدەستی زۆر كەم وەردەگرن.

ئەو كۆڵبەرانە لە حاڵێكدا دەبنە ئامانجی دەستڕێژی راستەوخۆ كەلە حاڵەتی تەواو بێدیفاعی دان و بەكارهێنانی چەك و چۆل بە تەواوەتی نایاساییە.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.