بۆکان/ ڕووداوی هاتوچۆ ٢٠ قوربانی بەدواوە بوو

15:46 - 11 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕووداوی هاتوچۆ لە نێوان جادەی بۆکان_میاندواو بوو بە هۆی قوربانی بوونی ٢٠ هاووڵاتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان سێ ماشین لە جۆری سەواری و مینوبوسێکدا لەجادەی بۆکان_میاندواو، پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەو ڕووداوە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، کاتژمێر شەشی بەیانی ڕوویداوە.

کوژراوەکانی ئەو ڕووداوە موسافیرانی نێو سەوارییەکە بوون کە لەو ڕووداوەدا دەستبەجێ هەر پێنج کەسیان گیانیان لەدەست دا و بریندارەکانیش موسافیرانی ناو مینوبوسەکە بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی گیان لەدەستداوانی ئەو ڕووداوە ناڕوونە.

بەڕێوبەری تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری بۆکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاند: بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری بۆکان کراون و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان.

محەممەد عەباسی، هەروەها بارودۆخی تەندروستیی برینداربووەکانی ئەو ڕووداوەی بە باش وەسف کرد.

ماڵپەڕی میگنا، لە زاری بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ئاماریی ئێران بڵاوی کردەوە، ئێران لە نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا لە ڕووداوی هاتوچۆدا پلەی دووهەمی بۆ خۆی تەرخان کردەوە و تەنیا وڵاتی سیێرالێئۆن ڕێگاو بانەکانی لە ئێران ناڵەبارترە.

بەڕای كارناسان ناستانداردبوونی جادەكان، ڕەچاونەكردنی یاساكانی هاتوچۆ لە هۆكارە سەرەكییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ دێنە ئەژمار.