بۆکان/ دوو گوللە خومپارە و گوللە تۆپێک دۆزرایەوە

15:45 - 6 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بە سەر کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق، هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو شەڕە و کەرەستەی بەجێماوی چەکە قورسەکانی لە کوردستان، لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بەرچاوترە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی خاکەلێوە، ژمارەیەک گوللەی بەجێماوی چەکە قورسەکانی شەڕی ئێران و عێراق وەک تۆپ و خومپارە، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا، لە ڕۆخی ڕووباری \"تەتەهو\"ی شاری بۆکان، گوللە خومپارەیەک٨١ میلیمێتری و دوو گوللە تۆپی ١٣٠ میلیمێتری لە نزیک پردی گوندی \"ناچیت\" دۆزرایەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، کەرەستەی بەجێماوی چەکە قورسەکان هی سەردەمی شەر ئێران و عێراق بووە، کە هەتا ئێستا پووچەڵ نەکراونەتەوە.

ئالوودە بوونی پارێزگاکانی کوردستان بە مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕ لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای حکوومەت چەندین جار باسیان لە خاوێن کردنەوەی ئەو شوێنانە کردووە و جووتیاران، ئاژەڵداران، منداڵان، موسافیران و گەشتیارانیان لە هاتوچۆی ئەو ناوچانە دڵنیا کردبووەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی \"مەولوود عەزیزی\" بەهۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی شاخی\"تاڵەجاڕ\" لاقێکی لەدەست دا.

ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی سنە، مەریوان، سەقز، بانە، شنۆ، پیرانشار، قەسری شیرین، مێهران و... پاش کۆتایی هاتنی شەڕ بە هۆی تەقینەوەی مین و دیکەی کەرەستە بەجێماوەکان لەو شەڕە، یان کوژراون یان کەمئەندام بوونە.