بۆکان/ بەڵێننامە لە بنەماڵەی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو وەرگیرا

20:35 - 6 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری بۆکان پاش دەستبەسەر کردنی، بۆ زیندانی شاری ورمێ گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای حەوتووی ڕابردوو، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی \"جەماڵ یووسفی\" دەستبەسەر کرد.

ناوبراو پێنج ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگیرابوو.

وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەڕەشەیان لە بنەماڵە و نزیکانی جەماڵ یووسفی کردووە، لەمەڕ دانی زانیاری سەبارەت بە چۆنیەتی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە بۆکانیە خۆیان ببوێرن.

هەروەها ئیدارەی ئیتلاعات بە نووسراو بەڵێننامەیان لە ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراوە وەرگرتووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان ڕایگەیاند کە؛ مەئموورانی ئیتلاعات لە هێرشێکی شەوانەدا بۆ سەر ماڵی جەماڵ یووسفی و دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕێکەوتی سێی سەرماوەز بە بیانووی لایەنگری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرایەوە.

ئەمڕۆ شەشی سەرماوەز، یەکێک لە نزیکانی جەماڵ یووسفی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی کوردپادا ڕایگەیاند؛ \"ئەگەری زیندانی کردنی جەماڵ لە زیندانی\"دەریای\" شاری ورمێ لە ئارادایە\".

لە نێوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی کورد و لەوانە دوو برا بە ناوەکانی دیاکو و مستەفا شێخی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراون و هێندێک لەو دەستبەسەر کراوانە لە ژووی تاکەکەکەسیی ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا ڕاگیراون.