بۆکان/مامۆستایەکی ئایینی لە ماڵەکەی خۆیدا زیندانی کرا

14:24 - 13 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی شاری بۆکان، بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەماڵەکەیدا خرایە ژێر چاوەدێرییەوە.

بەپێی ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، \"لوقمان پەرستش\" مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری بۆکان بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەیدا زیندانی کرا و هێندێک کەلوپەلی شەخسیی وەکوو کتێب و کۆمپیوتێری ناوبراو لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

\"16547.jpg\"
\"لوقمان پەرستش\" مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری بۆکان بە بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەیدا زیندانی کرا
ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان تاوانی ئەو مامۆستا ئایینە کە بە \"هێمن بانەیی\" ناسراوە، هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی ئیسلامی و تەبلیغ بۆ ئەو حیزبە لە کاتی گوتاربێژیی نێو مزگەتەکان، راگەیاندووە.

لوقمان پەرستش، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی رۆژنامە نووسانی ئێرانە و هەتا ئێستا کۆمەڵێک بابەتی رەخنەیی لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی بڵاو کردۆتەوە.

لەماوەی رابردوودا زەخت و فشار بۆ سەر چالاکانی فەرهەنگی و ئایینی کورد رووی لەزیادبوون کردووە و ماوەیەک پێش ئێستا مامۆستا سەلام گوڵنەواز، لەلایەن دادگای رۆحانییەتی شاری تەورێزەوە حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە.

فشار بۆ سەر چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە حاڵێک دایە کە دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بە دروشمی \"تەدبیر و ئومید\" هاتە سەرکار و بەڵێنیی کرانەوەی کەشی فەرهەنگی بە هاووڵاتییان دابوو.