بۆکان؛ محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لە بێهۆشیدایە

17:48 - 24 سەرماوەز 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، زیندانیی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی بۆکان، پاش ئازادکردنی کاتیی بۆ نەخۆشخانەی بۆکان ڕاگوێزراوە و هەنووکە لە نەخۆشخانە بێهۆشە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز، بەهۆی نالەباربوونی بارودۆخی جەستەیی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی بۆکان، ئازاد کراوە و بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی بۆکان خەوێندراوە و توانایی قسەکردنی نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانییەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە پێشووە، لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان، دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

 ئەو زیندانییە سیاسییە، دووبارە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز دەسبەسەر و پاش تێکچوونی باری تەندروستیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی بۆکان، ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، ٥ مانگ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.