بۆکان؛ جەلال وەفایی پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندان ئازاد کرا

10:48 - 29 رەشەمه 2721

ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەلال وەفایی" کوڕی عومەر خەڵکی شاری بۆکان، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانە زیندانی بۆکان کرابوو.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردبوو و  لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، پێنج مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، جەلال وەفایی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووەوە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.