بۆچوونی نوێ لەسەر مەستوورە ئەردەڵان هاتە ئاراوە

19:48 - 29 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕەهەندە شاراوەکانی کەسایەتیی ژنە شاعیری دەرباری میر ئەردەڵان، لە سیمینارێکی زانستی‏دا، باسیان لێوە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەندین لێکۆڵەری کورد لە سنە، ژیاننامەی مەستوورە ئەردەڵانیان لە سیمینارێک‏دا تاوتوێ کرد و تیشکیان خستەسەر کەسایەتی و بەرهەمەکانی ئەو ژنە شاعیرە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی ڕێبەندان، لە زانستگەی کوردستان بەڕێوە چوو، چەندین مامۆستای زانستگە، توێژەری مێژوو و نووسەری ئەدەبی، قسە و باسیان لەسەر نوێترین ڕوانگەکان به نیسبەت مەستوورەوە کرد.

نەوید نەقشبەندی بە ناوهێنانی ئەو ژنە کوردە وەکوو شاعیرێکی ڕووناکبیر، گوتی؛ \"هۆنراوەکانی مەستوورە بۆ یەکەمین جار، سنووری دینی بۆ سنووری نەتەوەیی دەگۆڕن و بەرگریی لە مافی ژنی کورد دەکەن\".

ئەو مامۆستایەی زانستگەی کوردستان، هۆکاری سەرکەوتن و گەشەی زانستیی مەستوورەی لە نەبوونی \"کەسایەتیی دووفاقی\" دانا.

\"29568.jpg\"
هەر لە درێژەی لێکدانەوەکاندا، ماجید مەردوخ ڕووحانی، باسی لەوە کرد کە مەستوورە یەکەم ژنی مێژوونووسە و تا ئێستاش بە تەنیا نامەنووسی ئیسلام، هەژمار دەکرێت\".

ئەو توێژەرەی وێژەی کوردی سەبارەت بە هۆنراوەکانی ماه‏شەرەف خانمی ئەردەڵان، ناسراو بە مەستوورە، گوتی: \"مەستوورە یەکێک لە گەورەترین قەسیدە نووسەکانی مێژووی ئێرانە، هەم لە بواری مانا و هەمیش لە واتادا\".

مەستوورە ساڵی ١٨٠٥ی زایینی( ١١٨٤ هەتاوی)، لە سنە لەدایک بووە.

یەکێکی دیکە لە دواندەرانی ئەو دانیشتنەی ئێوارەی چوارشەممە، جەماڵ ئەحمەدیاری بوو کە باسی لە بەدواداچوونی بۆ هۆنراوە فەوتاوەکانی مەستوورە کرد و ئەو ئەرکەی خستە ئەستۆی کەسە نزیکەکانی ئەو شاعیرە.

ئەو ڕۆماننووسە ڕوونی کردەوە کە هۆنراوەکانی مەستوورە تەژین لە ئەڤینداریی بەرانبەر هاوسەرەکەی، کە لەو بوارەشدا، مەستوورە یەکەمین ژنە کە باسی لە عەشقی زەمینی کردبێ، بۆیە بنەماڵەکەی ئەو جۆرە هۆنراوانەیان لەنێو بردووە.

دەوترێت، ئەم خانمە شاعیرە ٢٠ هەزار بەیت شیعری نووسیوە کە تا ئێستا تەنیا ٢ هەزاریان بە هەوڵی کەسانی وەک یەحیا مەعرفەت لە فەوتان ڕزگاریان بووە.

عەدنان بەرزنجی و سەید محەممەدجەواد سەدر، لە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە بوون و چەند لایەنێکی دیکەی ژیانی مەستوورەیان خستە بەر باس و لێکدانەوە.

بەرزنجی لەو دانیشتنەدا، بەراوردێکی لەسەر دۆخی ژنان لە سەدەی حەڤدە لە ئورووپا و کوردستان کرد و گوتی کە لەو کاتەدا هیچ ژنێک نەیدەتوانی باسی شتێک بە پێچەوانەی بۆچوونی مێرد و بنەماڵەکەی بکات، بەڵام مەستوورە لە کوردستان و سنە باسی کردووە.

ئەو مامۆستایە ڕەخنەی لە گرینگی‏نە‏دانی شارەوانی بە کەسایەتیی مەستوورە گرت و دانانی پەیکەرەی ئەو ژنە شاعیرەی لە شوێنێکی چۆڵەوانی, بە غەدر لە کەسایەتییەکەی زانی.

ناوی تەواوی مەستوورە، ماه‏شەڕف خانمە و لە تەمەنی ٢٢ ساڵی‏دا شووی بە خەسرەوخانی ئەردەڵان کردووە.

سیمیناری زانستگەی کوردستان، لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی، ئەدەبیی \"ئەهوورا\"وە بەڕێوە چووە و لە حەوتووی داهاتووش‏دا، سیمیناری زمانی دایکی بەڕێوە دەبات.

ئەو ناوەندە ساڵی ١٣٨٢، بە مەبەستی ناساندن و برەودان بە فەرهەنگ و ژیاری هەورامان دامەزراوە و لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکار، چالاکی فەرهەنگی و هونەریی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.

مەستوورە پاش مردنی خەسرەوخان، ژیانی هاوسەریی پێک نەهێنایەوە و لەبەر زۆڵم و زۆری قاجارەکان بەرەو سلێمانی کۆچی کرد و هەر لەوێش لە ساڵی ١٢٦٤ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە.