بۆكان/ ئەندامێكی مەكتەب قورئان هەتا سەرە مەرگ لێی درا

14:15 - 15 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: كەسانێكی نەناسراو دوای ئەوەی چالاكێكی مەزهەبی و ئەندامی مەكتەب قورئانیان رفاندووە، هەتا سەرە مەرگیش لێیانداوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شۆرای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان رایگەیاندووە، كە یەكێك لەئەندامەكانی بەناوی حوسێن ئیبراهیمی لەنزیك ئاوایی \"ئاختەتەر\" لەلایەن هێزێكی لیباس شەخسی كە چەكدار بوون، رفێندراون.

ئەو چالاكە مەزهەبییە پاش گەڕانەوە لە شاخەوانی، لە ١٠ كیلۆمیتری بۆكان ـ مەهاباد لەلایەن ٥ \"مەئموور\"‌ـەوە دراوەتە بەر لێدان و كوتان و دواتر بردراوەتە گرتنگە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، ئەو ئەندامەی مەكتەبی قورئان ئەشكەنجە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا كراوە و ئاشكراشی كرد، حوسێن ئیبراهیمی بە چاوی بەستراوەوە لە شەقامی ئومید لەنزیك پاساژی ئومید فڕێ‌دراوە.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو كەسانەی كە ئەو هاووڵاتییە كوردەیان رفاندووە زانیارییەك لەبەر دەستدا نییە، بەڵام لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەیان ئەندامی كەكتەب قورئان لەشارەكانی كوردستان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات كراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ كراوە.

لە دوایین حاڵەتدا ، رێكەوتی ١٠ مانگی بەفرانبار سێ‌ئەندامی ئەو رەوتە ئیسلامییە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بانە كراون و بۆ چەندین كاتژمێر خراونەتە ژێر فشار و لێپرسینەوە.