بکوژانی هاووڵاتیانی کورد لێپێچینەوەی یاساییان لێ ناکرێت

14:44 - 13 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو چەکداری سەربە هێزە ئێنتیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە تاوانباری تەقە لە هاووڵاتییانی کورد بوون، ئازاد کراون.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دام و دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران سکاڵای لانیکەم دوو بنەماڵەی کورد، سەبارەت بە بەدواداچوونی کوژرانی کوڕەکانیان بە دەست چەکدارانی‌ سەربە هێزە ئێنتیزامییەکانی ڕەت کردووەتەوە.

\"29445.jpg\"
سەعید جەماڵی
ئەم ڕەتکردنەوەیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بنەماڵەی جەماڵی و موزەفەری لە شارەکانی قەسری شیرین و ڕوانسەر ڕاگەیندراوە.

هەواڵنێری کوردپا بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ڕایانگەیاند کە بکوژانی هەر یەکە لە سەعید جەماڵی و حامید موزەفەری تەنیا لە شوێنی پێسێردراوییان بۆ شار و بنکەیەکی نیزامی گوازراونەتەوە.

لە کەیسی تەقەی هێزی ئینتیزامی قەسری شیرین کە گیان لەدەستدانی سەعید جەماڵی بەدواوە بوو، جێگری سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی فەرمانداری ئەو شارە بەرگریی لە کردەوەی ئەو چەکدارە کردووە.

\"29446.jpg\"
حامید موزەفەری
هەروەها دادگای کرماشان پاش سکاڵای باوکی حامید موزەفەری، بکوژی ئەو گەنجەی بۆ شوێنێکی دیکە گواستووەتەوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی گەیشتوودا هاتووە کە دادگا بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی هێزە چەکدارەکانی کردووە و کوژراوەکانیشی بە کەمتەرخەم زانیوە و ئەو جۆرە کوشتنەی بە شێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) زانیوە.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەر لە دادگاکانی ئێران و شارەزای یاسان نێونەتەوەیی سەبارەت بەو کەیسانە بە هەواڵدەریی کوردپای گوتوبووی: بە پێی یاسا و بەلەبەرچاوگرتنی هەندێ تێبێنی وەک عەلامەتدا و ئاگادارکردنەوە و تەقەی هەوایی، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت.
لینكی پەیوەندیدار:
قەسری شیرین/ هەڕەشە لە بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراو دەکرێت
محەمەد ساڵح نیکبەخت: هێزە ئینتزامی‌یەکان تەنیا بە هێنانەوەی پاساو لەمەڕ کوشتنی هاووڵاتییان، لە سزا بێبەری دەبن