بژێوی ژیان، ٤٠٠ قوتابیی مەریوانی لەخوێندن بێبەری کردووە

14:19 - 10 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: هەژاری و دەسکورتی بنەماڵەکانی شاری مەریوان ئەنجامی خراپی لێکەوتووەتەوە و لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک قوتابی لەخوێندن بە جێ ماون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی خوێندنی ٩٤ ـ ٩٥ لەشارستانی مەریوان بێ بەشداری ٤٠٠ قوتابی کورد کە تەمەنیان لەنێوان ٦ هەتا ١٧ ساڵ دایە، دەستی پێکردووە.

یەکێک لە مامۆستاکانی شاری مەریوان وتوویەتی: ئەو قوتابیانە تەنیا بە هۆی بێ دەرەتانی و نەبوونی پارە نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانەکان.

رۆژنامەی فەرهیختەگان لە زاری ئەسکەندەر لەتیفییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر ناوەندە پێوەندیدارەکان و بەرپرسان بوودجەی پێویست بۆ قوتابی ئاواییەکان لەبەر چاو بگرن، زۆربەی قوتابییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوی پۆلی خوێندنەکان.

نەبوونی ئیمکاناتی پێویست یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بێبەری بوونی قوتابیان لە شار و ئاواییەکانی مەریوانە و زۆربەشیان بەهۆی کارکردن و دابین کردنی بژێوی ژیانیان وازیان لەخوێندن هێناوە.

وەزیری پەروەردە و بارهێنانی دەوڵەتی روحانی بەڵێنی ئەوەی دابوو کە وەزارەتخانەکەی \" دادپەروەری فێرکاریی\" جێگیر دەکات و رێگە نادات هیچ قوتابییەک بە هۆی هەژارییەوە لە خوێندن بەجی بمێنێت.

ماوەیەک لەمەوبەر سەرپەرەستی گشتی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا باسی لە بەجێ مانی ٧٠٠ قوتابی لەخوێندن کردبوو و بە ئیسنای راگەیاندبوو، هەژاری بنەماڵەکان و پێڕانەگەیشتن بە دۆخی ئەو منداڵانەی کە لەخوێندن بەجێ ماون بووەتە هۆکاری ئەو دۆخەی ئێستا.