بژیوی کرێکاران لە چوار شاری کوردستان قەیراناوییە

22:12 - 2 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: سەدان کرێکاری شارەکانی دێلۆڕان، کرماشان، قوروە و سەردەشت لە ئەستەمترین دۆخدا بەسەر دەبەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەقامی چوونەژوورەی شاری دێلۆڕان لە پارێزگای ئیلام، بووەتە مەکۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی دەیان کرێکاری دەرکراوی کارخانەی سیمانی ئەو شارە.

کرێکارانی ناڕازی، ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەوتوویە، هاوڕێ دەگەڵ بنەماڵەکانیان هاتنە سەر شەقام و خوازیاری دابین کردنی مافەکانیان بوون.

کارخانەی سیمانی دێلۆران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، دەستی داوەتە دەرکردنی ٤٣ کرێکاری کورد، کە هەموویان پێشینەی سەرووی ٧ ساڵیان لە کارکردندا هەبووە، و سەرەڕای بڕیاری دادگە کە لەبەرگرەوەی گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیانە، خاوەنکار خۆی لەو بڕیارە دەبوێرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەو ڕێژە لە کرێکاران، ١٥ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە و ئەو کێشەیان بردووەتە لای پێشنوێژی شاری دێلۆران.

دەوترێ، خاوەنکاری کارگەکان لە هەوڵی ئەوەدان، بە زۆری گرێبەستی هەمیشەیی کرێکاران بکەنە گرێبەستی کاتی.

هەروەها هەواڵدەریی مێهر لە شاری کرماشان، باسی لە دواکەوتنی پارەی زیاتر لە ١٠٥ کرێکاری ڕۆژکاری فەزای سەوزی ئەو شارە کرد.

کرێکاران کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵەوە تەنانەت یەک ڕیاڵیان وەرنەگرتووە، یەک میلیون تمەن پارەیان لای شارەداریی ئەوە شارە ماوەتەوە.

یەکێک لە کرێکارەکان گوتوویەتی؛ ناڕەزایەتی خۆمان چەند جارێک بە بەرپرسان ڕاگەیاندووە، و تەنانەت بەڵێنی دانی پارەی ئەمڕو و بەیانیمان پێی دەدەن، بەڵام هیچ خەبەرێک لە پارە نیە.

ئەمڕو سێ‌شەممە، ٢ی خەرمانان لە شاری تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پۆڵای زاگرۆس (قروە) لە بەرانبەر وەزارەتی کاردا، پێی ناوەتە سێهەمین ڕۆژی خۆیەوە.

٢٨ کرێکاری پۆڵای زاگرۆس پاش داخرانی کارخانەکە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٢، پارەی ئەو کرێکارانە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە نەدراوە.

نەدانی پارە بە کرێکارانی کوردستان، تەنیا تایبەت بە شاری دێهلوڕان، قوروە و کرماشان نیە و زیاتر لە سێ مانگە، کە ٢٠٨ کرێکاری شارەداریی شاری سەردەشت، لەو ناوەندە دەوڵەتیە قەرزیان هەیە.

هەواڵدەریی کاری ئێران ئاماژەی بە کەمیی نەقدینەیی و نەبوونی سەرچاوەی ماڵی لە شارەداری سەردەشت کردووە و \"ترس لە بێکاری\"ییان بە هۆکاری بێدەنگیی کرێکاران ڕاگەیاندووە.

نەبوونی ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ، بە گرینگترین هۆکاری بێ‌چارەسەر مانەوەی کێشەکانی کرێکاران ڕاگەیەندراوە.