بڕینەوەی سزای زیندان بۆ دوو هاووڵاتیی کورد

21:04 - 12 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێران سزای زیندانی بەسر دوو شارۆمەندی کورددا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەر \"ئیسمائیل بۆکانی\"دا سەپاند.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی \"هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکومەتی ئێران\" سزای ساڵێک زیندانی بەسر ئەو هاوڵاتییە کوردەدا سەپاندووە.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە چەند مانگ لەوەبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ناوبراو پاش بیست ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دەگوترێت کە؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئیسمائیل بۆکانی‌دا، دەستیان بەسەر هەندێ لە کەرەستەی تایبەت و کەسۆکیی ناوبراودا گرتووە.

هەر لەو پێوەندییەشدا، نووسەرێکی کورد کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقیلابی شاری \"ورمێ\"وە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا بوو، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە \"عەلی بەدرخانی\" ڕاگەیەندراوە. ناوبراو لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات\"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری ورمێ، دەستبەسەر کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە هەمان تۆمەتی ئاماژە بۆ کراو، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر ئەو نووسەرە کوردەدا سەپاندبوو، کە پاش دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە لایەن ناوبراوەوە، سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ سێ ساڵ کەم کراوەتەوە.

عەلی بەدرخانی پاش پشتڕاست کردنەوەی سزای زیندانی کرانی، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.

\"تورکیە، دێموکراسی و کوردەکان، گفتوگۆی ئەندێشەکان، پەنابەری عەشق، حیکایەت و ئەفسانە کوردییەکان\" لە بەرهەماکەنی ئەو نووسەرە کوردەن.