بڕینەوەی دار ئەرخەوانەکانی ئیلام هەڵوێستی چالاکانی ژینگەیی و مەدەنیی لێکەوتەوە

14:44 - 25 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی خەڵکی شاری ئیلام سەبارەت بە بڕینەوەی نزیکەی ٥٠٠ داری ئەرخەوان و بەڕوو لە گەلیی ئەرخەوانی شاری ئیلام دژکردەوەیان نیشان دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەهۆی بڕینەوەی ٤٨٠ دار ئەرخەوانی بەتەمەن لە گەلیی ئەرخەوانی شاری ئیلام بەمەبەستی بەرینترکردنەوەی جاددەی ئەرخەوان، خەڵکی شاری ئیلام و چالاکانی ژینگەیی و مەدەنی ئەو شارە دژکردەوەیان نیشان دا.

بە وتەی یەکێک لە لایەنگرانی ژینگەی شاری ئیلام، بڕینەوەی ئەم دارانە کە کاریگەریی زۆریان لەسەر ڕەوشی ژینگەیی ناوچە هەبووە بەبێ ئەوەیکە پێویست بکات ئەنجام دراوە و واتای تێکدان و لە ناوچوونی سروشت و ژینگەی ئەو شارەیە.

بە وتەی ئەم چالاکە ژینگەییە، بە بڕینەوەی داری ئەرخەوان، کارەساتێکی ژینگەیی لە گەلیی ئەرخەوان ڕوو دەدات.

بە وتەی یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری ئیلام، هیچ پێوستییەک بە بڕینەوەی داری ئەرخەوان لەو شوێنەدا نەبووە؛ گەلیی ئەرخەوان لە ڕۆژانی گەرمبوونی هەوادا، زۆر فینکە و خەڵکی زۆر ڕوو لەو شوێنە دەکەن.

بەرپرسانی حکوومەتی سەرەڕای پێداگری لە سەر بەرینترکردنەوەی جاددەی ئاماژەبۆکراو ڕایانگەیاندووە: هیچ دارێکی ئەرخەوان لەو شوێنەدا نەبڕدراوە.