بڕینەوەی حوکمی قورس بۆ هاووڵاتییانی خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگاکانی ئینقلابەوە درێژەی هەیە

20:00 - 24 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش بڕینەوەی حوکمی قورس بۆ حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ لە حوکمێکدا چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆی بە ٧٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ئەو بڕیارە، فەتاح پوور ئەحمەد بە ٢٢ ساڵ زیندان، جەلال مەحموودی ٢٢ ساڵ زیندان، لوقمان ئەمینی ١٦ ساڵ زیندان و لوقمان عەزیزی بە ١٦ ساڵ زیندان حوکم دراون.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە دادگای شاری ورمێ، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\"مەحکووم کردووە.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، فەتاح پوور محەممەد و لوقمان ئەمینی خەڵکی گوندی\"چواربۆت\"ی ناوچەی نەڵۆس، لوقمان عەزیزی و جەلال مەحموودی خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

دواتر ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بە دانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، بڕینەوەی حوکمی ئەو چوار هاووڵاتییە بە ئامادەبوونی خۆیان بووە و هەروەها هەتا ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە دەتوانن ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بەو حوکمە دەرببڕن.

سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆی بە ئێعدام و شەش هاووڵاتیی دیکەی بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییانە و سزای سەپێندراو بەسەریاندا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێەوە، بەم شێویە:

١-هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، مەحکووم بە ئێعدام
٢-حاسڵ عەزیزی، ٢٥ ساڵ زیندان
٣-محەممەد زاهێد فەرامەرزی، ٢٠ ساڵ زیندان
٤-یەعقوب بائێکرام،١٥ ساڵ زیندان
٥-جەلال مەسرووری، ١٥ سال زیندان
٦-کەمال مەسرووری،١١سال زیندان
٧- سدیق بائێکرام،١٠ ساڵ زیندان

ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گەندی \"قەرەسەقل\"ی سەر بە شاری شنۆن.

پێشتریش، ٥ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە تۆمەتی\"ئەندامبوون و لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردەییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شاری شنۆ، بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر و بە سازکردنی دۆسیە بێبنەما لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە، بە دەیان ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون.