بڕیارە کوردێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەزیندانی سنە لەسێدارە بدرێت+وێنـه

19:38 - 21 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەید سادق لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە چاوەڕوان حوکمی لەسێدارە دران دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاووڵاتییەک کورد بەناوی \"عومەر کەریم شەریف\" کەلە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە (٢٦ مانگی ئاوریلی ٢٠٠٠) لە زیندانی شاری سنە لە دەستبەسەری دایە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە ئاگادار کراوەتەوە کەلە ماوەیەکی نزیکدا لە سێدارە ئەدرێت.

\"17340.jpg\"
عومەر کەریم شەریف زیندانیی مەحکووم به سێدارە، ماوەی ١٣ ساڵه له‌زیندانی ناوەندیی شاری سنه له‌دەستبه‌سه‌ری دایه
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سەید سادق وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"کاتێک کە عومەر شەریف لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی دەستبەسەر کرا، بڕیاربوو کە لێژنەیەکی تایبەتی لە سێ لایەنی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، حیزبی سۆشیالیستی کوردستان و ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران پێک بێت و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تۆمەتەی کە دراوەتە پاڵی، بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی بەداخەوە ئێوارەی هەمان رۆژ کە عومەر کەریم دەستبەسەر کرا، لەلایەن یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە سنووری مەریوانەوە رادەستی ئیتلاعات کرا.

\"17343.jpg\"
وێنــه‌ی عومەر کەریم له‌ناو زیندانی سنه کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە ژوورە تاکەکەکسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە
هەروەها خاتوو \"عیسمەت\" دایکی ئەو گیراوە کوردە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ \"عومەری کوڕم بە کوشتنی کەسێکی تورک کە گۆیا ئەندامی سپای پاسداران بووە، تاوانبار کراوە، ئەوە لە حاڵێک دایە کە بنەماڵە و باوکی ئەو کەسە کوژراوە بە ئارخایەنییەوە دەڵێن کە کوڕەکەی ئێمە بەدستی عومەر کەریم، نەکوژراوە\".

دایکی عومەر کەریم گوتیشی هەتا ئێستا چەندین جار سەردانی ماڵی باوکی ئەو کەسە کوژراوەم کردووەو باوکی ناوبراو کە کەسێکی تورکە دەڵێت، ئێمە هیچ سکاڵایەکمان لەسەر کوڕەکەی ئێوە نییە و پێشمان خۆش نییە لەسێدارەی بدەن، بەڵام دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی چەندین جار داوای لێکردووین کە وەرن حوکمی سێدارەی عومەر کەریم بەڕێوە بەرین\".

ئاژانسی کوردپا بۆ بەدواداچوونی زیاتر بۆ پەروەندەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سەید سادق پەیوەندی بە پارێزەری ناوبراو \"دوکتور جەوانمەردی\" لە شاری سنەوە کرد و ناوبراو رایگەیاند کە ئەم شتە لە دەستی دەزگای دادوەریدا نەماوە و ئەگەری لەسێدارە دانی ناوبراو بەدوور لە چاوەڕوانی نییە\".

ئەو پارێزەرە کوردە گوتیشی کە بەهۆی ئەمنیەتی بوونی پەروەندەکەیەوە، ناتوانم لەوە زیاتر قسە بکەم.