بڕیاری پەڕاندنی دەستی زیندانییەک لە گرتووخانەی ورمێ دەرکرا

13:48 - 19 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای کەیفەریی شاری ورمێ، حوکمی پەڕاندنی دەستی زیندانییەکی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەی، بە تاوانی دزیکردنی ئەو کەسە پەسەند کرد.

هاووڵاتییەکی زیندانیی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە ناوی \"کەسرا کەرەمی\" کوڕی یەدوڵڵا، لە لایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی تایبەت بە لاوان بە تۆمەتی \"١٩ جار دزیکردن\" تاوانبار ناساند و حوکمی پەڕاندنی دەستی ناوبراوی دەرکردووە.

ئەو هاووڵاتییە زیندانییە، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ٩٤ی هەتاوییەوە دەسبەسەر کراوە و لە ڕێكەوتی ٢٤ی ڕەزبەری هەمان ساڵ، لە لقی یەکی دادگای کەیفەریی شاری ورمێ بڕیاری پەڕاندنی چوار قامێکی دراوە.

پاش بەڕێکردنی ئەو حوکمە بۆ دیوانی باڵای وڵات، بە هۆی نەبوونی شاکی کەسیی ئەو حوکمە ڕەت کرایەوە و دواتر بە بڕیاری دیوانی باڵای وڵات، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە هەمان لق لە لایەن دادوەر حەمزە عەلیمحەممەدی و عەلیڕەزا ئاقازادە و سەلمان نەجەفی لەسەر داخوازیی سکاڵای ١١ کەس بۆ بڕینەوەی حوکمی پەڕاندنی دەستی ئەو زیندانییە، ناوبراو ڕەوانی دیوانی باڵای وڵات کراوە و ئەم حوکمەش لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کراوە.

ئەو حوکمە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بە زیندان دراوە و ئەگەری هەیە هەتا کۆتایییەکانی مانگی ڕەزبەر ئەو حوکمە جێبەجێ بێت.