بڕیاری نویێ سزادانی کۆڵبەران لەژێر ناوی \"بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاخ\"

16:45 - 10 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە بیانووی \"قاچاخی کاڵا\" لەگەڵ سزای نوێ بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بڕیارێکی نوێدا کە رێکخراوی تەعزیراتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران داویەتی، کۆڵبەران و کاسبکارانی ئوستانی کرماشان لە ژێر ناوی \"قاچاخچی کەلوپەل\"دا هەڵسووکەتیان لەگەڵ دەکرێت.

بەپێی ئەو یاسایە کە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو لەلایەن مەجلیسی ئیسلامیی ئێرانەوە پەسند کراوە، مەئموورانی حکوومەتی لەگەڵ ئەوەی چاویان بە فرۆشتن، راگرتن و هێنان و بردنی کەلوپەلی \"قاچاخ\" بکەوێت، سەرەڕای ئەوەیکە دەست بەسەر کەلوپەلەکەیدا دەگرن، بە دانی بڕە پارەیەک کە چوا بەرابەری نرخی ئەو کاڵایەی کە لێی دەگیرێت، سزا ئەدرێت.

بەگوتەی بەرپرسی گشتیی تەعزیراتی حکوومەتی لەئوستانی کرماشان، لەگەڵ ئەوەیکە کاڵای قاچاخ لە دەرەوەی بازاڕەکان ببیندرێت، ئەگەر نرخەکەی لە یەک ملیۆن تمەن کەمتر بێت، تەنیا دەست بەسەر کەلوپەلەکاندا دەگیردرێت.

هەواڵدەریی ئیسنا لە راپۆرتێکدا لەزاری ئیرەج عەزیزییەوە بڵاوی کردۆتەوە: ئەو شۆفیر ئوتومبیلانەی، کەلە نێو بازاڕەکان یان لە نێوان شارەکاندا کەلوپەلی قاچاخ هەڵبگرن، لەگەڵ یەک یان دوو بەرابەریی نرخی کاڵاکە بەرەوڕوو دەبنەوە و ئەگەریش نرخی کەلوپەلەکە لە یەک ملیۆن زیاتر بێت، دەوڵەت دەست بەسەر ئوتومبیلەکەشیدا دەگرێت.

هەروەها لێدانی ٧٤ قامچی و فرۆشتنی ئوتومبیلی زەوت کراو، یەکێکی دیکە لەو یاسا و بڕیارانەی رێکخراوی تەعزیراتەو بڕیاری قامچی لێدان و فرۆشتنی ماشێنی زەوتکراو لە چوارچێوەی ئیختیاراتی سازمانی تەعزیراتدا دەبێت.

ساڵی رابردووش ئەم ناوەندە حکوومەتییە، جگە لە دەستبەسەردا گرتنی کەلوپەلی کۆڵبەران، ١١٠ ملیارد ریاڵ سزای نەختیشی بۆ بڕیبوونەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٣ هاووڵاتیی کورد (کۆڵبەر و غەیری کۆڵبەر) تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ، بوونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان.

ئەم سزا نوێیەی کە بۆ ئەو کەسانەی کەلە سنوورەکان بژیویی ژیانیان دابین دەکەن، تەرخان کراوە، لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران، ئوستانی کرماشان وەکوو سێیەمین ئوستانی بێکار دەستنیشان کراوە.

هەروەها ئوستانی کرماشان زیاتر لە ٣٣٠ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کورستاندا هەیەو لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا بەردەوام باسی ناوچەی تایبەتیی بازرگانی و ئابووری هاتۆتە گۆڕێ، بەڵام هیچ کات ئەم مەسەلەیە نەچۆتە بواری جیبەجێ کردنەوە.