بڕیاری "منع تعقیب" بۆ دوو چالاکی کرێکاری دەرکرا

11:40 - 1 جۆزەردان 2720

لقی ٥ی دادوەریی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز، هەڵگرتنی بڕیاری داواکردنی "منع تعقیبـ"ـی بۆ "مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی" لە چالاکانی کرێکاری ئەو شارە دەر کرد.

پۆلیسی ئەمنییەتیی سەقز بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی و تێکدانی بێروڕای گشتی"، سکاڵای لەسەر ئەو دوو چالاکە کرێکارییە تۆمار کردووە.

دۆسیەی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە لقی ٥ی دادوەریی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و ئەو لقە بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٦٥ی یاسای دادڕەسیی کەیفەریی پەسەندکراوی ساڵی ٩٢، هەڵگرتنی بڕیاری داواکاریی بۆ ئەو دوو چالاکە کرێکارییە دەرکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکنی هێزە نیزامییەکانی سەقز کرابوون، بەڵام ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە چوون بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە خۆیان  بواردووە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە بە ئیدارەی ئەماکن ڕایانگەیاندووە کە تەنیا لە ئەگەری وەرگرتنی بانگهێشتنامە دەتوانن سەردانی ئەو ئیدارەیە بکەن.