بڕیاری مانگرتنی مامۆستایان، بانگهێشتکرانی ٦٠ مامۆستای لە بۆکان لێکەوتوە

22:35 - 15 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ٦٠ مامۆستای کورد لە شاری بۆکان بەهۆی راگەیاندنی مانگرتنی گشتیی فەرهەنگیان لە کوردستان و ئێران، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کران.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە حاڵێکدا کە بڕیارە بۆ جارێکی دیکە مامۆستایانی کوردستان و ئێران، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، مانگرتنی گشتی لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنان بەڕێوە بەرن، ئیدارەی ئیتلاعات لە بۆکان ٦٠ مامۆستای قوتابخانەکانی بانگهێشت کردووە.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، لەمەڕ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر دۆخی نالەبار و قەیراناویی زاڵ بەسەر پەروەردە و بارهێنانی ئێران و کوردستان و هەروەها وەڵامدەر نەبوونی دەوڵەتی رۆحانی و مەجلیس بەو ناڕەزایەتییانە، بەڕێوە دەچێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعات، ئەمڕۆ سێ‌شەممە و دوێنێ دووشەممە لە رێگەی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە ئەو مامۆستایانەیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردوون.

ئەو سەرچاوە هەروەها وتیشی: ئەو مامۆستایانە کە لەو بانگهێشتنە خۆ دەبوێرن، چەندین جار پێوندییان پێوە کراوە و لە هەندێک حاڵەتیشدا زیاتر لە ٣٠ جار پێوەندیی تەلەفۆنی بۆ یەک مامۆستا ئەنجام دراوە.

هەروەها وتیشی: تێکڕای مامۆستایانی بانگهێشتکراو، بێ‌حورمەتییان پێ کراوە و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە قسەی ناشیرینیان پێ وتراوە.

یەکێک لەو مامۆستایانە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە: ئامانجی ئیتلاعات لەو گوشارانە، بەشداری لە مانگرتنە گشتییەکانی مامۆستایان راگەیەنراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، حەراسەتی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بە بانگهێشتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان لە هەوڵی پێشگیری لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە رۆژی پێنج‌شەممە دایە.

حەراسەتی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە مامۆستایانی قوتابخانەکانی راگەیاندووە: لە بەشداری کردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی رۆژی پێنج‌شەممە خۆ ببوێرن.

لە چەند مانگی رابردوودا، مامۆستا کوردەکان لەگەڵ مامۆستایانی سەرانسەری ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر بارودۆخی نالەباری ژیان و ئابووریی خۆیان، چەندین جار دەستیان دایە مانگرتن و خوازیاری کۆتایی‌هێنان بە هەڵاواردن و نابەرابەریی نێوان مامۆستایان و باقی فەرمانبەرەکانی دەوڵەت بوون.

بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە یەک میلیۆن مامۆستا و فەرهەنگی و نزیک بە ٧٥٠ هەزار مامۆستای خانەنشینکراو لە ئێراندا بوونیان هەیە.