بڕیاری بەرپرسانی زیندانی ورمێ، مانگرتنی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی لێکەوتەوە

13:53 - 3 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: نزیک بە ٣٠ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیارێ بەرپرسانی ئەو زیندانە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی فشاری بەرپرسان و ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی بۆ سەر زیندانیانی سیاسیی بەندی ١٢ی زیندانیی ورمێ، ٢٩ کەس لەو زیندانییانە ماوەی ٥ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

لە رۆژانی رابردوودا ٥٥ زیندانیی تۆمەتبار بە کوشتن (قتل) و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات و بەرپرسانی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی زیندانییە سیاسییەکانی نێو زیندانی ورمێ راگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی ورمێ، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، زیندانییە سیاسییەکان لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان بۆ بەندی زیندانییانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە گشتییەکان گوازراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو خوازیاری لاچوونی فشاری بەرپرسانی زیندان و وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و گەڕاندنەوەی زیندانییە سیاسییەکان بۆ بەندی ١٢ و نەهێشتنی زیندانیانی تاوانە گشتییەکان لە بەندەکەیان بوون.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشتر زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، سەرەڕای ئەوەیکە داواکارییەکانی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی نێو زیندان هێنابوویە بەر باس، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدرایەوەو زیندانیان بە ناچاری مانیان لە خواردن گرت.

رۆژی رابردوو، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی سەردانی زیندانیانیان کردبوو،، بەڵام زیندانییە سیاسییەکان رایانگەیاندووە: هەتا ئەو کاتەی دواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێ، لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبن.

پێشتریش لە ناوەڕاست مانگی هاوینی ئەمساڵدا، ٤٨ زیندانیی بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین کە زۆربەیان زیندانیانی مەزهەبی بوون، بۆ بەندی ٧ی ئەو زیندانە، کە تایبەت بە تاوانی \"ماڵی\"یە، راگوێزرابوون.

چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان، کە راگواستنی ئەو زیندانیانە بۆ بەندەکانی دیکە، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە مەبەستی نەهێشتن و هەڵوەشاندنەوەی بەندی سیاسیی زیندانەکان ئەنجام ئەدرێت، کە ئەمە نیگەرانیی لای چالاکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی زیندانییە سیاسییەکان دروست کردووە.